هۆکارەکانی برسیەتی دوای نان خواردن چییە؟

PM:05:22:22/05/2023

26012 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی بواری خۆراک ئاشکرای کردووە، بەشێک لە خەڵکی دوای نان خواردن تووشی برسیەتی و تێر نەبوون دەبنەوە، گرنگترین هۆکارەکانی دەخاتە روو.

دکتۆر کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووەزۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی پاش ماوه‌یه‌کی که‌م له‌ خواردن هه‌ست به‌ برسیه‌تی ده‌که‌ن هه‌رچه‌نده‌ بڕێکی زۆر خۆراکیان خواردووه‌ یان که‌سانێک هه‌ن به‌رده‌وام برسیانه‌ و وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن به‌ هیچ تێر نابن، ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامدا زۆری کێش و قه‌ڵه‌وی لێ ده‌که‌وێته‌وه، ئەو هۆکارانەش بریتین لە:

۱. نه‌خواردنی بڕی پێویست له‌ مادده‌ ڕیشاڵیه‌کان، که‌ له‌ سه‌وزه‌ و پاقله‌مه‌نیه‌کان و دانه‌وێڵه‌ ته‌واوه‌کانی وه‌ک برنجی بۆر و ئاردی بۆر و گه‌نمه‌شامی دا زۆره‌ له‌گه‌ڵ میوه‌کان، چونکه‌ بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌گه‌دەدا ده‌مێننه‌وه‌ و دره‌نگتر هه‌ست به‌ برسیه‌تی ده‌که‌یت.

۲. نه‌خواردنی ژه‌می به‌یانی له‌ کاتی خۆی دا که‌ گرنگترین ژه‌می ڕۆژانه‌یه‌، بۆیه‌ دواتر له‌کاتی ڕۆژه‌که‌ و ده‌وام ناچار ده‌بیت شیرینی و پسکیت و نه‌سته‌له‌ بخۆیت که‌ زۆر زوو برسیت ده‌بێته‌وه‌.

۳. ئاو نه‌خواردنه‌وه‌، نه‌خواردنه‌وه‌ی بڕی پێویست هه‌ندێ جار هه‌ست به‌ برسیه‌تی دروست ده‌کات.

٤. خواردنی شیرینی و خواردنه‌وه‌ گازیه‌کان و شه‌ربه‌ت و ئاوی میوه‌، چونکه‌ له‌پڕ ئاستی شه‌کره‌ی ناو خوێن به‌رزده‌که‌نه‌وه‌ و دواتر هۆرمۆنی ئه‌نسۆلێن زیاد ده‌کات بۆ خێرا دابه‌زاندنی ئاستی شه‌کر.

٥. بێ ئیشی و بوونی کاتێکی زۆر و بێزاری، بۆ خۆ خه‌ریک کردن و به‌سه‌ربردنی کات هه‌ندێ که‌س په‌نا بۆ خواردن ده‌به‌ن.

٦. نه‌خۆشی شه‌کره‌، یه‌کێک له‌ گرنگترین نیشانه‌کانی نه‌خۆشی شه‌کره‌ برسیه‌تی به‌رده‌وام و تێرنه‌بوونه‌.

۷. غووده‌ی سام یان غوودی ده‌ره‌قی چالاک.

۸. دڵه‌ڕاوکێ و سترێس و قه‌له‌قی.

۹. که‌مخه‌وی و شه‌ونخوونی.

۱۰. به‌کارهێنانی هه‌ندێ ده‌رمان، وه‌ک ده‌رمانی دژی حەساسیه‌ت جۆری ئه‌نتی هستامین وه‌ک ئه‌له‌رمین ، هه‌ندێک ده‌رمانی دژی خه‌مۆکی و نه‌خۆشی ده‌روونی ، هه‌ندێ ده‌رمانی نه‌خۆشی شه‌کره‌.

۱۱. دابه‌زینی ئاستی شه‌کره‌ی ناو خوێن به‌هۆی هه‌ندێ نه‌خۆشی گورچیله‌ ، هه‌وکردنی جگه‌ر ، نه‌خۆشی کوێره‌ڕژێنی ئه‌دریناڵ.

۱۲. خواردنه‌وه‌ی بیپسی و کۆلای دایت، چونکه‌ ئه‌و ماددانه‌ی تامی خواردنه‌وه‌که‌ شیرین ده‌که‌ن و کالۆریان تێدا نیه‌ وا له‌ مێشک ده‌که‌ن خۆی ئاماده‌ بکات بۆ وه‌رگرتنی وزه‌ی زیاتر، بۆیه‌ هۆرمۆنی برسیه‌تی ده‌ڕێژیت.

۱۳. سکپڕی، خانمانی دووگیان به‌ تایبه‌ت دوای سێ مانگ له‌ سه‌ره‌تای سکپڕی دا.