توێژینەوەیەکی زانستیی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، ئەوانەی پەتاتەی سورەکراو زۆر دەخۆن هەستی نیگەرانی و خەمۆکیان زیاد دەبێت.
لە توێژینەوەکەدا ١٤٠ کەس بەشداربوون و بۆ ماوەی ١١ ساڵ چاودێریی کراون تاکو بزانن نیشانەکانی خەمۆکی یان نیگەرانیان تێدا دەرکەوتووە.
لە ئەنجامدا توێژەران ئاشکرایانکردووە، لە پێناو تەندروستییەکی باشتر رێژەی خواردنی پەتاتەی سورەکراو کەمبکرێتەوە، چونکە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان سیستمی خۆراکی رۆژئاوایی لە نێویاندا پەتاتەی سورەکراو و خواردنە دەستکردەکان، چونکە ئەگەری خەمۆکی و نیگەرانی زیاد دەکەن، هەروەک لە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانیدا هاتووە.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، ماددەی ئەکریلامید لە پەتاتە و نانی سوتاو یان زۆر برژاودا هەیە هۆکارن بۆ قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵ و سوڕی خوێن.
دوان میلۆر شارەزای خۆراکی لە زانکۆی ئاستۆن لە ئینگلتەرا وتوویەتی "گومانی تێدا نییە ئەو کەسانەی خواردنە سورەکراوەکان زیاتر دەخۆن لەگەڵ هۆکارەکانی تردا رێگەخۆشکەر دەبن بۆ زیادبوونی توشبوون بە گرفتە تەندروستییەکانی مێشک".