کامێراج.. لە هاوتیپی رۆناڵدۆوە بۆ کرێکاری

PM:12:00:22/10/2025

200 جار خوێندراوەتەوە

کامێراج ئەو یاریزانەی لەگەڵ رۆناڵدۆ یاری دەکرد بەڵام پێکان وایکرد ببێت بە کارمەند و کرێکار.

سێندریم کامێراج لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2019یاری بۆیانەی یۆڤانتۆس کردووە، واتە لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆلە یانەکەی شاری تۆرینۆ لەهەمان تیپەدا بوون، هێرشبەرەکە 23 یاری بۆ تیپەکانی لاوانی خانمە پیرەکە ئەنجامدا پێش ئەوەی لە ساڵی 2019 یانەکەی جێبهێڵێت و پەیوەندی بە لوگانۆوە بکات لە سویسرا، بەڵام لە ماوەی کەمی یاریکردنیدا سێ جار بەستەرەکانی ئەژنۆی پچڕان و لە کۆتاییدا بڕیاریدا واز لە تۆپی پێ بهێنێت و کارێکی نوێ لە دەرەوەی جیهانی وەرزشدا ئەنجام بدات.

بەم دواییە ڤیدیۆیەکی تیک تۆکی بڵاوکردەوە کە بە خێراییەکی زۆر لە نێوخەڵکیدا بڵاوبوەوە، تێیدا وێنەیەکی خۆی لەگەڵ رۆناڵدۆ لە مەشقەکانی یۆڤانتۆسدا داناوە، بەڵام دواتر وێنەکە کاڵ دەبێتەوە بۆ وێنەیەک کە کڵاوێکی ئیشکردنی لەسەردایە لە شوێنێکی بیناسازیدا، لە ژێر پۆستەکەشدا نووسیوویەتی: هەندێکجار ژیان دەگۆڕێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ جیانلوکا دی مارزیۆ سەبارەت بە کارە نوێیەکەی، کامێراج وتی: من لە ئۆفیسی ئای سی ئێم باو کاردەکەم و سەرۆکی کۆمپانیاکە داوای لێکردین رۆژێک لە شوێنەکەدا بەسەر بەرین بۆ ئەوەی تێبگەین کە کارکردن لە شوێنی بیناسازی چەندە قورسە، ئەم ئەزموونە وایکرد زیاتر قەدری بارودۆخەکەمان بزانین و تێبگەین چەندە بەختەوەرین کە لە پشت مێزێکەوە کاردەکەین.

هەروەها دووپاتی کردەوە، لە ماوەی لە تۆرینۆ بووە زۆر بە رۆناڵدۆ سەرسامبووە، ئەفسانەکە هەرگیز نەدەوەستا و هەمیشە هەوڵی زیاتری دەدا، وە جارێکیش پێی وتووە: بەهرە هیچ نییە بەبێ یەکگرتوویی و هەوڵدان. وە ئەو قسەیەی هەمیشە لە مێشکیدا دەمێنێتەوە چونکە پیشانیداوە پیشەگەر بوون واتای چییە.