كاریگەرییەکانی ڤیتامین و فۆلیك ئەسید لەسەر ژنانی دووگیان

PM:10:21:19/03/2023

3924 جار خوێندراوەتەوە

پێویستە ئەو ژنەی کە بڕیاری دووگیانی دەدات سێ مانگ پێش دووگیانییەكەی بەكارهێنانی فۆلیك ئەسید دەست پێبكات و بیخوات، چونكە كاریگەرییەكی زۆری هەیە وەئەگەر بەكاری نەهێنێت زیانی زۆرە و لەوانەیە ببێتە هۆی ناهەمواری و كەمئەندامی لە مێشك و دەمارەكانی پشتی منداڵ.

د.تاڤان فاتیح مەعروف پزیشكی پسپۆڕی ژنان و مناڵبوون و نەزۆكی لەنەخۆشخانەی مناڵبوونی فێركاری سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە، فۆلیك ئەسید مێشكی مناڵ كارادەكات ئەو دایكانەی فۆلیك ئەسید بەكاردەهێنن مناڵەكانیان زیرەك و لێهاتوون و مێشكیان باش گەشە دەكات، بەڵام ئەو دایكانەی فۆلیك ئەسید بەكارناهێنن مناڵەكانیان لەگەشەدا تەمەڵن و زیرەكیان كەمترە.

-فۆلیك ئەسید تا سێ مانگ پێویستە بخورێت و دوای ئەوە دەگۆڕێت بۆ ئاسن و ڤیتامینەكان.

كەمی ڤیتامین (D) لەكاتی دوو گیانی:

- هۆكاری سەرەكی كەمی ڤیتامین (D) دەگەڕێتەوە بۆ كەم خۆدانە بەرخۆر، پێویستە ژنی دووگیان رۆژانە نیو كاتژمێر بچێتە بەرخۆر لەكاتژمێر (١٠ بۆ ١٢)ی نیوەڕۆ چونكە لەو ماوەیەدا زۆرباشە.

- ئەگەر ژنی دووگیان نەچێتە بەرخۆر، پێویستە ڤیتامین (D) وەربگرێت چونكە كەمی ئەو ڤیتامینە دەبێتە هۆی لەبارچوونی منداڵەكە و تووشی ناڕەحەتی دەكات و هەروەها تووشی سەر ئێشەو قاچ ئێشەی دەكات.

- كەم خوێنی یەكێكی ترە لەو نەخۆشییانەی تووشی ئافرەتی دووگیان دەبێتەوە و هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ئەو خۆراكانەی دەیانخوات، ئەو ژنانەی لەبارێكی ئابووری خراپدان لەوانەیە خواردنی كەم بێت و بڕی پێویستی ئاسن و ڤیتامینەكانی دەست نەكەوێت یان ئەو ئافرەتانەی هەڵگری نەخۆشی تالاسیمیان ئەوانە كەم خوێنیان هەیە.