کەشناسی هەرێم پێشبینی کەشوهەوای رۆژانی نەورۆزی بڵاوکردەوە

PM:05:11:19/03/2023

18184 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢١ی ٣ی ٢٠٢٣، کە دەکاتە یەکەم رۆژی نەورۆز کەشوهەوا ناسەقامگیردەبێت، دەشڵێت، "ئاسمانی هەرێم هەور دەبێت و کەشوهەوا ساردە دەبێت و بارانبارینی ماوەکورتی دەبێت لەگەڵ دروستبوونی هەورە بروسکە".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لەبەر ناجێگیرى کەشو هەوا کە بۆماوەى چەند رۆژێک ئەم نا سەقامگیریە لە کەشى ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت لە ماوەى رۆژانی دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە کەشى ناوچەکەمان بەم شێوەیە دەبێت:

رۆژی دووشەممە، بە درێژایى رۆژ ئاسمانی هەرێم نیمچەهەور و هەورى تەواو دەبێت و پێشبینى باران بارین لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ هەیە.

دەشڵێت، ئاستى دابارینیش نمەباران بۆ بارانى مامناوەند دەبێت و پێشبینى دابارین لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ لە سەر ناوچە شاخاوییەکان و نیمچە شاخاوییەکان و سەنتەرى پارێزگاکان لەگەڵ دروستبوونى هەورە بروسکە دەکرێت و بارانبارین شێوازى دابارینى ماوە کورت دەبێت .

ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژى سێشەممە یەکەم رۆژى نەورۆز لە ئەنجامى بەردەوامى ئەو کەشە ناسەقامگیریەى هەیە لەسەر ناوچەکەمان ئاسمانی هەرێم هەور دەبێت و کەمێک سارد دەبێت.

باسی لەوەشکردووە، کاتى دابارین لە ناوچە شاخاوییەکان لە زۆربەى کاتەکان بارانبارینى کورت خایەن هەیە، بەگشتى کاتى دابارین دەکەوێتە دواى نیوەڕۆ لەسەر تەواوى هەرێم لەگەڵ نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما ئەگەرى بارینی تەزرە و دروستبوونى هەورە بروسکەش هەیە .

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی کەشناسی هەرێم، رۆژى چوارشەممە لە ئەگەرى دروست نەبوونى گۆڕانکاریی، نا سەقامگیرى کەشى ناوچەکە بەردەوامى دەبێت.

دەشڵێت، ئاسمانی هەرێم هەور و نیمچە هەور دەبێت و پێشبینى دەکرێت دابارین کەمتربێت بە بەراوورد بە رۆژانى پێشووتر و ئەگەرى باران زیاتر لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت .

لەکۆتایی راگەیەنراوەکەشدا هاتووە، لەبەر ئەو کەشە ناسەقامگیریەى ئەو چەند رۆژەى داهاتوو، شەپۆلێکى هەورە بروسکە لە کاتى بارانبارین هەیە لەسەر ناوچەکە، هەربۆیە کەشناسی هۆشداریی دەداتە هاوڵاتییان دوورکەونەوە لە شوێنە بەرزەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بۆ سەلامەتى و خۆپاراستن لە کاتی هەرەبروسکەدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ ئاسمان هەور دەبێت و تاوەباران دەبارێت و ئەگەری دروستبوونى هەورە بروسکەش هەیە.

دەشڵێت، لە ئێوارەدا بارانبارین لە پارێزگاى سلێمانى و ناوچە شاخاوییەکانى ئیدارەى راپەڕین و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى هەولێر زیاتر دەبێت.

لەبارەی پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ باسی لەوەکردووە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلە دادەبەزن و کەش ساردتر دەبێت.