سەردێڕ:

کاتی مەرجدانان نییە!

PM:06:28:16/03/2026
548 جار خوێندراوەتەوە
ئارێز عەبدوڵا
+ -

نازانم ئێمە کاڵەکخۆرین، یان بێستانڕن؟ لە ئەنجامی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل - ئێران، حکوومەتی فیدراڵی پێویستی بە هاوئاهەنگیی پتر و بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانە.

ئایا لەم کاتە ناهەموارەدا، دەبێ ئێمە زیاتر لە بەغدا بچینە پێش و هەوڵ بدەین بە دیالۆگ مافەکانمان بەدەست بهێنین، یان ناکۆکییەکان قووڵتر بکەینەوە؟

داوای ماف و داخوازیی ڕەوا کارێکی باش و ئەرکە، بەڵام بە دانانی مەرج، نەک هەر کێشەکان چارەسەر نابن، بەڵکوو قووڵیشیان دەکەینەوە.

پێویستە حکوومەتی هەرێم دواڕۆژ و لێکەوتەکانی ئەم جەنگە باشتر لەبەرچاو بگرێ، چونکە:

- جەنگەکە کاتییە و زۆر ناخایەنێت و کۆتایی دێت.

- هێشتا لێکەوتە و ئەنجامەکانی دیار نین.

- کارتەکانی دەستی بەغدا لە کارتەکانی دەستی هەرێم بەهێزتر و کاریگەرترن.

- بە قووڵبوونەوەی کێشەکان، بەرەی دژە هەرێمی کوردستان لەناو دەستەبژێری سیاسی و دەسەڵاتی بەغدا بەهێزتر دەبێ.

- شەقامی عێراقیی عەرەبی دژی کوردستان دەوروژێنرێ.

- مەترسیی تۆڵەکردنەوەیەکی ناڕەوا دروست دەبێ.

- هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کوردستانەوە، کێشە ئابووری و داراییەکانی هەرێمیش چارەسەر دەکات و بەپێچەوانەشەوە بەرۆکی هەردوولا دەگرێ.

- ئەگەر هەماهەنگی لەنێوان بەغدا و هەرێم هەبێ، ڕۆڵی هەرێم لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرتر دەبێ.

بە کورتی و بە کوردی؛ دەوڵەتداری، پشوودرێژی و خوێندنەوەی دروستی واقیعیانەی بارودۆخ و هەلومەرجە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی دەوێت. بەندە بە باشی دەزانم بەبێ دەستبەرداربوون لە مافەکانمان، هەرێم بەغدا قەرزدار بکاتەوە، نەک بیانوو بداتە دەست؛ چونکە جارێ دیار نییە بارودۆخەکە بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات.

گەلەری