ئەمشەو بەهۆی دووکەڵی زۆپاوە سێ کەس لە شاری هەولێر گیانیان لە دەست دا و هەرسێکیان ئەندامی یەک خێزانن.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ـی ئازاری ٢٠٢٦ ، چاوگێک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر هەواڵەکەی بۆ ئێن ئاڕ تی پشتڕاستکردەوە و وتی، " سێ کەس گیانیان لەدەست داوە، تەرمەکانیان بۆ پزیشکی دادوەری هەولێر گواسترانەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کەسێکی دیکەش بەهۆی ڕووداوەکەوە توشی تەنگەنەفەسی بووە و ئێستا لە چاودێری چڕ خەوێنراوە".
هاوکات بەوتەی یەکێک لە کەسوکاری ئەە خێزانە باسی لەوەکرد، دوو کوڕ و باوکێک گیانیان لە دەست داوە، دایکیان تەندروستی باش نییە و هۆکارەکە بەهۆی زۆپای غازەوە بووە.
وتیشی، ئەو دوو منداڵە تەمەنیان چوار ساڵ و سێ ساڵە و باوکیشیان ٣١ ساڵە.
بەپێی زانیارییەکان ئەو خێزانە دانیشتووی گوندی گەزنەن و لە ئێستادا تەرمەکان لە پزیشکی دادین.