سەردێڕ:

شکۆی حکومەت لە گیرفانی بەتاڵی فەرمانبەر و
ماڵی تاریکی هاووڵاتییاندایە

PM:03:57:02/03/2026
764 جار خوێندراوەتەوە
گۆران دیبەگەیی
+ -

​"حکومەتێک کە لە کاتی تەنگانەدا سێبەری بەسەر هاووڵاتییەکانییەوە نەبێت، لە کاتی ئاساییدا بوونی تەنها بارگرانییە..

​حکومەت لە "دیارنەمان" و میللەت لە "تاریکیدا"؛ پرسیاری حەوت ملیۆن کەس ئەوەیە: سەرۆک حکومەت و جێگرەکەی لە کوێن؟

​لە کاتێکدا جیهان و ناوچەکە لەسەر سنگی گڕکانێکی سیاسی و سەربازین، لە کاتێکدا چاویلکەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا سێبەری بەسەر هەموو ماڵێکی ئەم هەرێمەدا کێشاوە، سەیرترین دیاردەی سیاسی لە کوردستان دەبینرێت: حکومەتێک کە تەنها لە کاتی وەرگرتنی باج و ڕسووماتدا هەیە، بەڵام لە کاتی تەنگانە و قەیراندا وەک "بڵقی سەر ئاو" ون دەبێت.

​پرسیاری هەرە جەوهەریی حەوت ملیۆن هاووڵاتیی هەرێم لە ئێستادا ئەوەیە: سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لە کوێن؟ لە هەموو دنیادا کاتێک وڵات دەکەوێتە ناو قەیرانی دارایی یان مەترسیی جەنگ، سەرۆکەکان لەناو خەڵکدا دەردەکەون، قسە بۆ میللەت دەکەن و دڵنیایی دەدەن؛ بەڵام لێرە، لە جیاتی ئەوەی "سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی بەسەرچوو " بێن ژووری عەمەلیات بۆ چارەسەری مووچە و کارەبا و پاراستنی ئاسایش دروست بکەن و خەڵک دڵنیا بکەنەوە، کەچی خۆیان ون کردووە و کەس نازانێت لە کام کونج و قوژبنێکن!

​بیرتانە لە ڕابردوودا حکومەتی بەسەرچوو سەری زمان و بنی زمانی باسکردن بوو لە "شکۆ" و "قەوارە"؟ پرسیار ئەوەیە: کام شکۆ؟

​شکۆی فەرمانبەرێک کە دوای ۳٥ ساڵ خزمەت، دەبێت لەسەر سۆشیاڵ میدیا بپاڕێتەوە بۆ مووچەکەی؟

​شکۆی باوکێک کە لە ماڵە تاریکەکەیدا بەهۆی نەبوونی کارەباوە، ناتوانێت چاو لە چاوی منداڵەکانی ببڕێت؟

​ئەو شکۆیەی ئێوە باستان دەکرد لە تەلەفزیۆنەکان و لێدوانە بریقەدارەکانتاندا، نەک هەر لەناو ماڵی ئەو حەوت ملیۆن مرۆڤەی کە کردووتانن بە بارمتەی بێباکیتان نەماوە، بەڵکو هیچ تروسکایەکیش نابینرێت کە لە داهاتوودا ڕۆژێک بێت ئێوە بەهۆش خۆتاندا بێنەوە.

گەلەری