AM:08:29:03/03/2026
1492 جار خوێندراوەتەوە
ماڵپەڕی ئەکسیۆس دەڵێت، ترەمپ بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی قسەی کرد و گفتوگۆیان کردووە لەبارەی جەنگی ئێرانەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٣ـی ئازاری ٢٠٢٦، ماڵپەڕی ئەکسیۆس وتی، رۆژی یەکشەممە ١ـی ئازار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی ئەنجامداوە و گفتوگۆیان کردووە لەبارەی پرسی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و لێکەوتەکانی.
وتیشی، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دوای یەک رۆژ بووە لە هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل
بۆ سەر ئێران، گرنگی ئەو پەیوەندییە ئەوەیە هەرێم خاوەنى هەزاران چەکدارە لەسەر سنوورەکانى لەگەڵ ئێران و خاوەنى
ناوچەیەکى گرنگ و ستراتیژییە و پەیوەندییەکى بەهێز هەیە لەنێوان کوردانی عێراق و
ئێران.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە زۆر
هەستیار بووە و رەتیکردووەتەوە وردەکاریی زیاتر لەوبارەوە بخاتەڕوو، کاتێک پرسیار
لە کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی کرا لەبارەى ئەو پەیوەندییەوە، رەتیکردووەتەوە
وردەکارییەکان باس بکات و وتویەتی " ترەمپ لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ زۆرێک
لە هاوپەیمان و هاوبەشەکانی لە ناوچەکەلە پەیوەندیدا بووە".