فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، نوێترین ئاماری زیانە گیانییەکانی هێزەکانی لە گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا بڵاو کردەوە و کوژرانی شەش سەربازی راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢ـی ئازاری ٢٠٢٦، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "شەش سەربازی ئەمریکی لە کاتی ئەنجامدانی ئەرک و چالاکییە سەربازییەکاندا کوژراون".
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا
هاتووە، "هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە تەرمی دوو سەرباز بدۆزنەوە و بیانهێننەوە
کە پێشتر بێسەروشوێن بوون، تەرمەکان لەو بنکەیە دۆزراونەتەوە کە لە سەرەتای هێرشەکانی
ئێراندا لە ناوچەکە کرایە ئامانج."
فەرماندەیی ناوەندیی
سوپای ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنە جەنگییە گەورەکان هێشتا بەردەوامن.
سەبارەت بە
ناسنامەی کوژراوەکانیش، سێنتکۆم روونی کردووەتەوە کە بەپێی پرۆتۆکۆڵە سەربازییەکان،
ناو و ناسنامەی سەربازەکان ئاشکرا ناکرێن تاوەکو ٢٤ کاتژمێر دوای ئاگادارکردنەوەی
فەرمیی کەسوکاریان تێپەڕ دەبێت.