سەردێڕ:

مانیفێستۆی ئاشتی و خۆسەری:
کورد وەک نەتەوە، نەک جەنگاوەر

PM:03:56:05/03/2026
600 جار خوێندراوەتەوە
سۆران نەقشبەندی
+ -

پێشەکی: تێپەڕاندنی تەڵەی مێژوو

مێژووی نەتەوەی کورد لە چیاکانی زاگرۆس و میراتی میدیاوە، مێژوویەکی پڕە لە نادادیی دیرۆکی. بۆ چەندین سەدە، کورد نەک هەر قوربانیی جوگرافیا بووە، بەڵکو قوربانیی ئەو یارییە سیاسییە نێودەوڵەتییانە بووە کە تێیدا وەک "بەشداربوو" بانگهێشتی سەر مێزی گفتوگۆ کراوە، بەڵام وەک "دۆڕاوی گەورە" و بەدەستی بەتاڵ کراوەتەوە دەرەوە. مێژووی ئێمە تەنها ڕیزبەندێکی کاتی نییە؛ بەڵکو زنجیرەیەکە لە پەراوێزخستن کە تێیدا کورد وەک "گۆشتی جەژن" بەسەر نەتەوە سەرەدەستەکانی ناوچەکەدا دابەشکراوە تا بەرژەوەندییەکانی تورک، فارس و عەرەب بپارێزرێت.

بەڵام گەورەترین هەڵە کە بووەتە وانەیەکی فەرامۆشکراو، بریتییە لە ناوچەگەرێتی؛ ئەوەی کە کورد هەمیشە هەوڵیداوە تەنها دەست بە کڵاوی خێڵ و شارەکەی خۆیەوە بگرێت و نەیتوانیوە وەک یەک یەکەی نەتەوەیی یەکگرتوو بوەستێتەوە. کوردستان تەنها ناوێکی ڕەمزی بۆ پارێزگایەک نییە (وەک لە ڕۆژهەڵات بە سنە دەوترێت) و هەرێمێکی دابڕاویش نییە لە باشوور؛ کوردستان وڵاتێکە و نابێتە چوار. ئێستا کاتێتی ئەم تێگەیشتنە بگۆڕین و لەبری "جەنگاوەرێکی بەکرێگیراو"، وەک "نەتەوەیەکی خاوەن مۆدێل" دەرکەوین.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم زریان: کورد لە کوێدایە؟

ئەمڕۆ جیهان و ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکارییەکی خێرادان. ململانێی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتووەتە لوتکە. کۆماری ئیسلامی وەک "مارێکی بریندار" پەلاماری هەموو لایەک دەدات و باشووری کوردستانیش لە پریشکی ئەم ئاگرە بێبەش نییە. لەم ساتەوەختەدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم چارەنووسێکی نوێدایە. شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە دڵی کوردستانەوە سەریهەڵدا، نیشانی دا کە کورد دەتوانێت ببێتە بزوێنەری گۆڕانکاریی مۆدێرن. هەرچەندە ناوەندی فارسی هەوڵیدا ئەم شۆڕشە وەک "نەورۆز" بدزێت، بەڵام جەوهەری شۆڕشەکە هەر بە کوردی مایەوە.

لەبەرئەو مەترسییە گەورانەی لەسەر ژیان و مانەوەی گەلەکەمان هەیە، پێویستە ستراتیژیی خۆمان لە "جەنگی سەربازیی ڕووت"ەوە بۆ "دیپلۆماسیی نەتەوەیی و خۆسەریی مەدەنی" بگۆڕین. ئێمە نامانەوێت نەوەیەکی تری کورد لە جەنگێکی نایەکساندا ببێتە قوربانی؛ ئێمە دەمانەوێت مۆدێلێک پێشکەش بکەین کە نەک تەنها کورد، بەڵکو هەموو گەلانی ئێران ڕزگار بکات.

خۆسەریی دیموکراتیک: داهێنانێکی مۆدێرن بۆ داهاتوویەکی ئاشتییانە

ئەو مۆدێلەی کە ئەمڕۆ وەک "خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکدەناسرێت و لە ڕۆژئاوای کوردستان پەیڕەو دەکرێت، تەنها ئەزموونێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو گەڕانەوەیەکی فەلسەفییە بۆ مۆدێلی "دەوڵەت-شار"ی یۆنانی کۆن، بەڵام بە وەشانی ٢٠٢٤. لە کاتێکدا لە دەوڵەت-شاری یۆنانیدا ژنان و کۆیلەکان بێبەش بوون، مۆدێلی کوردی مۆدێلێکی "گشتگیر"ە کە تێیدا ژن، ئایینەکان و نەتەوە جیاوازەکان بەیەکەوە بڕیار دەدەن.

ئەم مۆدێلە کە لەسەر بنەمای "کۆمەڵە و ئەنجومەنە لۆکاڵییەکان" بونیاد نراوە، پێشنیاری ئەوە دەکات کە دەسەڵات لە "خوارەوە بۆ سەرەوە" بێت. واتە خەڵکی گەڕەک و گوندەکان (لە ڕێگەی ئەنجومەنەکانیانەوە) بڕیار لەسەر ژیانی خۆیان بدەن، نەک تەنها چاوەڕێی ناوەندێکی دیکتاتۆر بن لە تاران یان هەر شوێنێکی تر. ئەمە ئەو کلیلەیە کە دەتوانێت کێشەی نەتەوەکان لە ئێراندا چارەسەر بکات.

کورد: نەک جوداخواز، بەڵکو ڕزگارکەری دیموکراسی

ساڵانێکی زۆرە سیستەمە حوکمڕانەکان کورد بە "جوداخواز" (تجزیەطلب) تۆمەتبار دەکەن بۆ ئەوەی سەرکوتکردنی خۆیان شەرعیەت پێ بدەن. بەڵام کاتێک کورد پێشنیاری "خۆسەریی دیموکراتیک" بۆ هەموو ئێران دەکات، ئەم تۆمەتە بەتاڵ دەبێتەوە. ئێمە ناڵێین تەنها بۆ کورد؛ ئێمە دەڵێین ئەم مۆدێلە بۆ ئازەری، بەلوچ، عەرەب و تەنانەت فارسەکانیش باشترین چارەسەرە بۆ دەربازبوون لە دیکتاتۆرییەت.

بە پەیڕەوکردنی ئەم مۆدێلە، کورد دەبێتە "ڕزگارکەری داهاتووی ئاشتی ناوچەکە". لەبری ئەوەی وەک جەنگاوەرێکی تەنها بناسرێین، دەبینە "ئەندازیاری دیموکراسی". ئەمە ئەو "دیپلۆماسییە کلتورییە"یە کە من وەک نەوەی نوێ و شارەزایەک باوەڕم پێیەتی. کورد بەم کارە نیشانی دەدات کە نەتەوەیەکی بلیمەت و لێهاتووە و توانای بەڕێوەبردنی خۆی و ناوچەکەشی هەیە بە باشترین شێوە.

ستراتیژیی "خۆسەریی مەدەنی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە ئێستادا کە ئەگەری هەرەسھێنانی دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران هەیە، پێویستە کورد لە ڕۆژهەڵات ستراتیژییەکی ژیرانە بگرێتە بەر:

1. کۆنترۆڵی مەدەنی: پێویستە هێزی خەڵک لە ناو شارەکاندا ڕێکبخرێت. لەبری ناردنی ڕاستەوخۆی هێزی پێشمەرگە بۆ ناو جەنگێکی وێرانکەر، دەبێت "ئەنجومەنە مەدەنییەکان" و "کۆمەڵە پیشەییەکان" ئامادە بن بۆ گرتنەدەستی کاروباری شارەکان لە کاتی هەر دەسەڵات لەنگییەکدا.

2. پاراستنی نەوەی نوێ: زیاتر لە ١٠ ملیۆن کورد لە ڕۆژهەڵات دەژین. بەرپرسیارێتیی ئێمە پاراستنی ژیانی ئەوانە. بە پەیڕەوکردنی مۆدێلی "خۆسەریی ئاشتییانە" و پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان، دەتوانین ڕێگری لە کوشتاری بەکۆمەڵ بگرین.

3. یەکگرتوویی لە پشتی یەک ئامانج: وەک چۆن لە ٢٥ی کانوونی دووەمدا ٧٠ ملیۆن کورد لە ١٢٨ وڵات یەک دەنگ بوون، دەبێت لە ڕۆژهەڵاتیش یەکدەنگییەک هەبێت کە تێیدا ئۆپۆزسیۆنی چەکدار و بزووتنەوەی مەدەنی تەواکەری یەک بن. پێشمەرگە دەبێت قەڵغانی پارێزەری ئەو "خۆسەرییە مەدەنییە" بێت نەک تەنها هێزێکی هێرشبەر.

دەرەنجام: بەرەو ئاسۆیەکی نوێ

کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک خۆر هەڵدێتەوە. مۆدێلی "خۆسەریی دیموکراتیک" کە لێرەدا پێشنیاری دەکەین، مانیفێستۆیەکە بۆ ڕزگارکردنی نەک تەنها کورد، بەڵکو هەموو مرۆڤایەتی لەم ناوچە پڕ لە جەنگەدا. کورد بەم هەنگاوە دەیسەلمێنێت کە نەتەوەیەکی ئاشتیخواز، مرۆڤدۆست و لێهاتووە.

نەوەی نوێی کورد، بڕیایداوە چیتر تەنها قوربانیی نەبن. بڕیاریانداوە ببنە "بڕیاردەری چارەنووسی خۆیان". بەبێ توندوتیژی و بە پشتبەستن بە هێزی کلتور و ڕێکخستنی مەدەنی، کوردستان یەکخەن و مۆدێلێک پێشکەش بکەن کە تێیدا "ژن، ژیان و ئازادی" ببێتە هەوێنی دەوڵەتداریی داهاتوویان.

گەلەری