سەردێڕ:

تەڵەی ئێران

PM:07:53:03/03/2026
912 جار خوێندراوەتەوە
رامیار محەمەد
+ -

پێشەکی: گۆڕانی دۆکتراینی سەربازیی ئەمریکا

پێش دەستپێکردنی هەزارەی نوێ، دۆکتراینی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر سێ کۆڵەکەی بنەڕەتی دامەزرابوو پێش هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ڕەچاو دەکران. ئەم پرەنسیپانەش بۆ دەیان ساڵ کاریان پێ دەکرا. ئەوانیش بریتی بوون لە:

پشتیوانیی جەماوەری: پێویستە هەر هەنگاوێکی سەربازی، پشتیوانی و ڕەزامەندیی گەلی ئەمریکای لەگەڵدا بێت.

خۆپاراستن لە گەمارۆدان: دڵنیابوونەوە لەوەی هێزەکان لە کاتی هێرشبردندا ناکەونە تەڵە و گەمارۆی دوژمنەوە.

پاراستنی هێڵی گەیاندن (Supply Line Security): مسۆگەرکردنی پارێزراویی ئەو هێڵانەی پێداویستی و هێزی مرۆیی بۆ بەرەکانی جەنگ دابین دەکەن.

ئەم بنەمایانە بۆ شەڕی نەریتی گونجاو بوون. بەڵام لەگەڵ هاتنەئارای تەکنەلۆژیای نوێ و گۆڕانی سروشتی ململانێکان، بەتایبەت دوای ساڵی ٢٠٠٣، ستراتیجییەکی نوێ جێگەی گرتەوە کە بە "شۆک و ترس – Shock and Awe" ناسراوە. ئەم ستراتیجییە کە لەلایەن هارلان ئوڵمان و جەیمس وەیدەوە لە ساڵی ١٩٩٦ پەرەی پێ درا، پشتی بە سێ توخمی نوێ بەست:

زاڵبوونی ئاسمانی (Air Supremacy): کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئاسمانی ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان.

زانینی ڕەها (Omnisceince): هەبوونی زانیاریی ورد و گشتگیر لەسەر دوژمن و ژینگەی شەڕەکە. لە ڕووی سەربازیی و هەواڵگرییەوە.

هێزی تایبەت (Special Force): بەکارهێنانی یەکە سەربازییە بچووکە مەشقپێکراوەکان بۆ ئامانجی دیاریکراو.

ئامانجی ئەم ستراتیجییە نوێیە ئەوە بوو شەڕەکان بەخێرایی، هەرزانی و ئاسانی ببرێنەوە، بەجۆرێک چیتر پێویستییەکی ئەوتۆ بە پشتیوانیی جەماوەر نەمێنێت، چونکە وا گریمانە دەکرێ سەرکەوتن خێرا و مسۆگەرە.

هیوبرس (Hubris) غروری هێز:

هیوبرس (Hubris) وشەیەکی یۆنانیی کۆنە و ئاماژەیە بۆ حاڵەتێکی دەروونیی ئاڵۆز. ئەم وشەیە تەنیا بە "غرور" یان "لەخۆباییبوون" وەرناگێڕدرێت. لە کولتووری یۆنانی کۆندا، هیوبرس بە مانای "سەرکێشییەک دێت کە سنووری خودایەتی دەبەزێنێت." واتە کاتێک مرۆڤێک یان دەسەڵاتێک ئەوەندە بە هێز و توانای خۆی مەست دەبێت، یاسا و ڕێسا مرۆیی و تەنانەت ئاسمانییەکانیش بە کەم دەزانێت و پێی وایە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. ئەمەش هەڵسوکەوتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو دەکرێ تایبەتمەندیی ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەتە زلهێزەکایش بێت.

چارەنووسی کەسایەتییەکان لە تراجیدیای یۆنانیدا زۆر جار بەهۆی هیوبرسەوە بەرەو نسکۆ دەچێت. خوداکان سزای ئەوانەیان دەدا سنووری خۆیان دەبەزاند. لە ڕوانگەیەکی مۆدێرنەوە، هیوبرس بریتییە لەو باوەڕبەخۆبوونە زیاد لە پێویستەی وا لە بڕیاردەران دەکات ئاگادارییەکان، مەترسییەکان و ڕوانگە جیاوازەکان پشتگوێ بخەن و تەنیا پشت بە گریمانەی سەرکەوتنی مسۆگەری خۆیان ببەستن.

هەڵمەتی سیسیلیا (٤١٥-٤١٣ پێش زایین): وانەیەک لە مێژووەوە

شکستی ئەسینا لە سیسیلیا یەکێکە لە ڕوونترین و کاریگەرترین نموونەکانی هیوبرس لە مێژوودا. بۆ تێگەیشتن لە دۆخەکە، دەبێت لە چەند لایەنێکەوە سەیری بکەین:

- پاڵنەر و لەخۆباییبوون: ئەسینا لە لووتکەی هێزی خۆیدا بوو. خاوەنی بەهێزترین هێزی دەریایی بوو لە جیهانی ئەوکاتدا و ئیمپراتۆرییەتێکی فراوانی بەڕێوە دەبرد. دوای چەندین ساڵ لە جەنگی پچڕپچڕ لەگەڵ سپارتا، سیاسەتمەداری کاریزماتیک ئەلکیبیادیس، خەڵکی ئەسینای هان دا هێرشێکی گەورە بکەنە سەر دوورگەی دەوڵەمەندی سیسیلیا (گەورەترین شاری سیراکوس بوو). ئامانجە ڕووکەشەکە یارمەتیدانی هاوپەیمانەکانیان بوو، بەڵام ئامانجە ڕاستەقینەکە داگیرکردنی دوورگەکە، دەستگرتن بەسەر سامانە زەبەلاحەکەیدا و بەکارهێنانی وەک پێگەیەک بۆ لاوازکردنی سپارتا و فراوانکردنی ئیمپراتۆرییەت بوو. هیوبرسی ئەسیناییەکان لەوەدا بوو پێیان وا بوو ئەمە "شەڕێکی ئاسان" دەبێت و هیچ هێزێک ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە.

- پشتگوێخستنی ئاگادارییەکان: ژەنەڕاڵی بەئەزموون، نیکیاس، بەتوندی دژی ئەم هەڵمەتە وەستایەوە. ئەو لە بەیانێکدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی ئەسینادا هۆشداریی لە مەترسییەکانی ئەم هەنگاوە دا: دووریی ڕێگاکە، سەختیی دابینکردنی پێداویستی، نەشارەزایی لە جوگرافیای دوژمن و ئەو بەرگرییە سەختەی چاوەڕێیان دەکات. بەڵام دەنگی ئەو لەناو کەفوکوڵی جەماوەر و بەڵێنە بریقەدارەکانی ئەلکیبیادیسدا ون بوو. خەڵک مەستی سەرکەوتنەکانی ڕابردوو بوون و نەیاندەویست گوێ لە دەنگی ئاوەز بگرن.

- کارەساتی ستراتیجی: هەڵمەتەکە لە سەرەتاوە تووشی کێشە بوو. ئەسیناییەکان نەیانتوانی سیراکوس بەخێرایی گەمارۆ بدەن. شەڕەکە درێژەی کێشا و بوو بە شەڕێکی وشکانی و گەمارۆدان، ئەوەش ئەسیناییەکان تێیدا شارەزاییان کەمتر بوو. هێڵی گەیاندنی پێداویستییەکانیان لە دەریادا بەردەوام دەکەوتە بەر هێرش. خەڵکی سیراکوس، بە یارمەتیی ژەنەڕاڵێکی سپارتی، بەرگرییەکی قارەمانانەیان کرد.

لە کۆتاییدا، دوای دوو ساڵ لە شەڕی خوێناوی، تەواوی هێزی دەریایی ئەسینا لە بەندەری سیراکوسدا تێکشکێنرا و سوپاکەیان لە کاتی هەوڵدان بۆ پاشەکشەکردن لە ڕێگەی وشکانییەوە، بە تەواوی لەناوبران. دەیان هەزار سەرباز کوژران یان بە دیل گیران. ئەم شکستەش بووە هۆی سەرەتای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی ئەسینا.

ئێران وەک سیناریۆیەکی هاوشێوە

لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا، مەترسیی دووبارەبوونەوەی هەڵە ستراتیجییە مێژووییەکانی تێدایە. ئێران بەهۆی جوگرافیا شاخاوی و بیابانییە فراوانەکەی، سوپایەکی گەورەی مرۆیی، خاوەن ئەزموون، گیانفیداکار و ئایدیۆلۆجیست، هەروەها تۆڕێکی بەرفراوانی هێزی میلیشیایی لە ناوچەکەدا، بەرگرییەکی گەورەی دەبێت.

گریمانەی ناردنی هێزێکی زەبەلاحی سەد هەزار سەربازی ئەمریکی بۆ ناو خاکی ئێران، چەندین ئاڵنگاریی کوشندەی لێ دەکەوێتەوە، با ئەم سیناریۆیە بە نموونە وەربگرین و شی بکەینەوە:

شەڕی مانۆڕ: ئەمریکا لە شەڕی شاخدا ئەزموونی سەرکەوتووی کەمی هەیە، وەک چۆن یەکێتیی سۆڤیەت لە ئەفگانستاندا تووشی کێشە بوو.

هێڵی گەیاندن: دابینکردنی خۆراک و پێداویستی بۆ سەربازان لە ناوچەیەکی شاخاوی و دوژمنکارانەدا کارێکی یەکجار سەختە. ئێران بەهۆی توانای مووشەکییەوە دەتوانێت بە ئاسانی هێڵی گەیاندنی ئاسمانی و زەمینی پەک بخات.

ویستی شەڕکردن: سەربازانی ئەمریکی ڕەنگە ئامانجی ڕوونیان بۆ شەڕکردن لە وڵاتێکی دوور و نەناسراودا نەبێت، هاوشێوەی ئەزموونی جەنگی ڤێتنام. لە کاتێکدا ئێرانییەکان پاڵنەری بەرگری لە نیشتمان و ئاینییان هەیە.

مەترسیی "چەواشەکاریی تێچووی نقوومبوو – Sunk, Cost Fallacy)

یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان بۆ ئەمریکا لە سیناریۆیەکی وادا، بریتییە لە کەوتنە داوی "چەواشەکاریی تێچووی نقوومبوو" ئەمە حاڵەتێکە تێیدا لایەنێک ئەوەندە سەرچاوە (پارە، سەرباز، کات) لە پڕۆژەیەکدا خەرج دەکات، چیتر ناتوانێت دەستبەرداری بێت، تەنانەت ئەگەر بزانێت پڕۆژەکە بەرەو شکستیش دەڕوات. جەنگی ڤێتنام نموونەیەکی کلاسیکی ئەم حاڵەتەیە؛ ئەمریکا ساڵ لە دوای ساڵ هێز و پارەی زیاتری تەرخان دەکرد، بەو هیوایەی بتوانێت شکستەکان قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا زیانی زیاتری کرد.

ئێران دەتوانێت ئەمریکا ڕابکێشێتە ناو شەڕێکی درێژخایەنی لەم شێوەیە، ئەمەش وا دەکات ئەمریکا بەردەوام ناچار بێت هێزی زیاتر بنێرێت بۆ ڕزگارکردنی هێزەکانی پێشووی، وەک قومارچییەک کە ناتوانێت واز لە یارییەکە بهێنێت. ئەمە ئەو "تەڵە" یەیە ناونیشانی ئەم وتارەی لێ وەرگیراوە.

بژاردەی ئەتۆمی و هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکان

ئەگەر گریمانە بکەین ئەمریکا لەم شەڕەدا دووچاری قوربانییەکی زۆر بوو و هێزەکانی لە مەترسیی لەناوچووندان، ڕەنگە بیر لە پەنابردن بۆ بژاردەی کۆتایی بکاتەوە: چەکی ئەتۆمی. لێدوانێکی وەک "ڕێگە بدەن سەربازەکانم بگەڕێنەوە، ئەگینا ناچار دەبین وەک یابان بە چەکی ئەتۆمی هێرش بکەین." لە سەرکردەیەکی وەک دۆناڵد ترەمپە دەوەشێتەوە.

بەڵام لێرەدا هاوکێشەکە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت. بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە، دەرگا لەسەر سیناریۆیەک دەکاتەوە؛ ئەم سیناریۆیەش دەتوانێت ڕووسیا بکاتە براوەی سەرەکیی ململانێکە. لە بارودۆخێکی وادا، ڤلادیمیر پوتین دەتوانێت وەک "پارێزەری سەقامگیریی جیهان" دەربکەوێت و ڕایبگەیەنێت هیچ لایەنێک بۆی نییە چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت. ئەو دەتوانێت هەڕەشەی ئەوە بکات ئەگەر ئەمریکا ئەو کارە بکات، ڕووسیاش وەڵامی دەبێت، ڕەنگە بەرانبەر بە هاوپەیمانێکی ئەمریکا لە ناوچەکەدا یان تەنانەت خودی ئەمریکا.

ئەم هەڵوێستە وێنەی پوتین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێز دەکات و ئەمریکا دەخاتە دۆخێکەوە ناتوانێت بژاردە ئەتۆمییەکەی بەکاربهێنێت. لە ئەنجامدا، ئێران دەبێتە "کوونێکی ڕەش"ی ستراتیجی و بەردەوام هێز و توانای ئەمریکا هەڵدەمژێت، بێ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کۆتایی بە ململانێکە بهێنێت. ئەمەش دەیباتەوە سەر هەمان خاڵی پێشوو: "چەواشەکاریی تێچووی نقوومبوو." نقوومبوون لە شەڕێکدا بردنەوەی تێدا نییە. ئەمە ناوەڕۆکی ئەو تەڵەیەیە ئێران دەتوانێت بۆ زلهێزێکی جیهانیی وەک ئەمریکای دابنێت. من دڵنیام ئەمریکا ئەم سیناریۆیانەی پێشتر لێک داوەتەوە و هەرگیز ناکەوێتە داویەوە.

ڕۆڵی هێزە ناوخۆییەکان: کورد وەک هیوا

لەناو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، یەکێک لە ستراتیجە گریمانەکراوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، پشت بەستنە بە هێزە ناڕازییەکانی ناوخۆی ئێران. لەم نێوەندەدا، کورد بەهۆی هەبوونی مێژوویەکی درێژ لە خەباتی چەکداری و بوونی هێزێکی ڕێکخراو، زۆرجار وەک یەکەم بژاردە سەیر دەکرێت. دوای کورد، گەلانی دیکەی وەک بەلووچ و ئازەری و نەتەوەکانی تریش دێنە بەر باس. ئەم دۆستایەتییە مێژووییەی نێوان کورد و ڕۆژئاوا، بەتایبەت ئەمریکا، وایکردووە وەک "دڵسۆزترین هاوپەیمان" لە ناوچەکەدا ناویان بهێندرێت، هەرچەندە ئەم بۆچوونە جێگەی مشتومڕی سیاسییە.

سەرەڕای ئەم گریمانەیە، پشت بەستن بە هێزە ناوخۆییەکان بە تەنیا ناتوانێت سەرکەوتن مسۆگەر بکات و ڕەنگە ململانێکە بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی و درێژخایەن ببات، ئەمەش کۆنترۆڵکردنی لە دەرەوەی توانای هێزە دەرەکییەکاندا دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بەهێزترین سیناریۆیە.

دەرەنجام

لە کۆتاییدا، هەر هەنگاوێکی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێران، ئەگەر بە وردی حیسابی بۆ نەکرێت، دەکرێت ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی هەڵە مێژووییەکانی وەک "هەڵمەتی سیسیلیا" و "جەنگی ڤێتنام". لەخۆباییبوون (هیوبرس)، پشتگوێخستنی بنەماکانی جەنگ، و کەوتنە داوی "تێچووی نقوومبوو"، دەتوانن زلهێزترین سوپای جیهانیش بەرەو شکستێکی ستراتیجیی گەورە ببەن. لەم هاوکێشەیەدا، ئێران وەک دوژمنێکی سەربازی نییە بەتەنیا، بەڵکوو "تەڵەیەکی ستراتیجییە" و دەتوانێت داهاتووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بخاتە مەترسییەوە.

گەلەری