وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، قوڕسترین هێرشەکانمان هێشتا ماون، هاوکات جەخت دەکاتەوە ئامانجیان گۆڕینی رژێم نییە بە زەبری هێز، بەڵکو دەیانەوێت توانای مووشەکی و دەریایی ئێران لەناوببەن بۆ ئەوەی جیهان نەکرێتە بارمتە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢ـی ئازاری ٢٠٢٦، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە نوێترین لێدوانیدا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان هێشتا لە سەرەتادان و وتی، قورسترین هێرشەکانی سوپای ئەمەریکا هێشتا لە رێگەن و ئەنجام نەدراون، قۆناغی داهاتوو زۆر سزادەرتر و توندتر دەبێت.
جەختیشی کردەوە،
"ئێمە ئامانجی دیاریکراومان هەیە و تا ئەو کاتەی دەگەینە ئەو ئامانجانە بەردەوام
دەبین و بەدەستیشیان دەهێنین، کاتێک ئەم ئۆپەراسیۆنە تەواو بوو، جیهان دەبێتە شوێنێکی
ئارامتر".
وتیشی، دوای ئەوەی
زانیارییان پێگەیشت کە ئیسرائیل پلانی هێرشکردنی هەیە، ئەمەریکا بڕیاریدا بەشێوەیەکی
پێشوەختە دەستپێشخەری بکات و هێرش بکاتە سەر ئێران.
لەبارەی هۆکاری
پەلەکردن لە ئۆپەراسیۆنەکە، ئاماژەی بەوەکرد، ئەم ئۆپەراسیۆنە دەبوایە ئەنجام بدرێت،
چونکە ئەگەر ساڵێک یان ساڵ و نیوێکی دیکە تێپەڕیایە، ئێران دەگەیشتە هێڵی پارێزبەندی،
واتە دەبووە خاوەنی ژمارەیەکی هێندە زۆر لە مووشەکی کورت مەودا و درۆن، کە کەس نەیدەتوانی
هیچ کاردانەوەیەکی هەبێت و ئەو کاتە دەیتوانی تەواوی جیهان بە بارمتە بگرێت.