بارانی رەحمەت و لافاوی گەندەڵییەکان
PM:07:40:14/12/2025
1396 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار عەبدوڵا
+
-
هەرچەندە دیاردە سروشتییەکان، بەتایبەت گۆڕانکارییەکانی
کەشوهەوا، بەشێکی حەتمیی ژینگەن و لە هەر وڵاتێک ئەگەری ڕوودانیان هەیە، بەڵام قەبارە
و هۆکارەکانی لافاوە وێرانکەرەکانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا،
بە ڕوونی ئاماژە بە گرفتی قووڵتری ژێرخانی و ئیداری دەکەن. ئەوەی ڕوودەدات کارەساتێکی
سروشتی نییە، بەڵکو ئەنجامی ڕاستەوخۆی کەمتەرخەمیی سیستماتیک و گەندەڵییە و ئەگەڕێتەوە
بۆ ئەم چەند خاڵانەی خوارە؛
یەکەم: پرسی ئاوەڕۆ و دروستکردنی نایاسایی
زۆربەی لافاوەکان لە شارە گەورەکانی هەرێمدا بەهۆی
ئەو فاکتەرانەوە سەرچاوە دەگرن کە پەیوەندییان بە نەبوونی پلاندانانی دروستەوە هەیە
لەوانە:
کەمیی و خراپیی تۆڕی ئاوەڕۆ: سەرەڕای بوونی بودجەی گەورە بۆ پڕۆژەکانی
خزمەتگوزاری، بەڵام تۆڕی ئاوەڕۆکان بە شێوەیەکی ستاندارد و گونجاو بۆ قەبارەی شارەکان
و گۆڕانکاریی کەشوهەوا جێبەجێ نەکراون یان نوێ نەکراونەتەوە.
بنیادنانی نایاسایی: بڕینی ڕێڕەوە سروشتییەکانی
ئاو، دروستکردنی باخچە و پڕۆژەی نیشتەجێبوونی نایاسایی لەسەر دۆڵ و جۆگە سروشتییەکان،
بووەتە هۆی گیرانی ڕێگەی ئاو و ئاراستەکردنی بۆ ناو کۆڵان و گەڕەکەکان. ئەمەش بە
ئاشکرا ئاماژەیە بۆ لاوازیی لێپرسینەوە و بوونی گەندەڵی لە دەزگا شارەوانی و ئیدارییەکان.
دووەم: سەرچاوەی سامانی نیشتمانی و خەرجییە
ناڕوونەکان
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم کارەساتانە لە ناوچەیەک ڕوودەدەن
کە ڕۆژانە بە ملیۆنەها مەتر سێجا غازی سروشتی و نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرێت، ئەم
سامانە سروشتییە، کە بەهایەکی گەورەی هەیە و ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار دەچێتە گیرفانی
کۆمپانیا و بازرگانە نزیکەکان لە دەسەڵاتەوە، دەبوو ئەم داهاتە زەبەلاحە بۆ بەهێزکردنی
ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانی شارەکە بەکار بهێنرایە:
سێیەم: دابەشکردنی نادادپەروەرانەی داهات:
لە کاتێکدا ئەو غازە جگە لە خۆژێنیی هەرێم، بۆ ڕووناککردنەوەی
شارێکی گەورەی وەک مووسڵیش بەکار دەهێنرێت و قازانجی گەورەی بازرگانیی لێ دەکرێت،
بەڵام دانیشتووانی ناوچە دەوڵەمەند بە سامانەکە، لە بنەڕەتترین خزمەتگوزارییەکان
(وەک تۆڕی ئاوەڕۆی ستاندارد) بێبەشن. ئەمە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر گەندەڵیی
گەورە و بوونی دەستی حیزبیی لە کەرتە ئابوورییە سەرەکییەکاندا.
چوارهەم) قوربانییەکان و بەکارهێنانی میدیایی
لە کاتێکدا لافاوەکە کارەساتێکی دروستکراوی مرۆیی
و ئیدارییە، دەسەڵات بە شێوازێکی نامەدەنی و میدیایی هەڵسوکەوت لەگەڵ قوربانییەکاندا
دەکات:
گۆڕینی قوربانی بۆ کاڵا: کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە دەسەڵات،
قوربانییەکان دەکەن بە کاڵایەکی پڕبینەر بۆ نمایشکردن، لەکاتێکدا هەوڵی شاردنەوەی ڕۆڵی
کەمتەرخەمیی ئیداریی خۆیان دەدەن.
خۆ دەرخستن وەک فریادڕەس: وێنە دەدرێت بەوەی گوایە هێزێکی دەرەکی و
سروشتی هۆکاری ئەو نەهامەتییانەیە و ئەم دەسەڵاتە فریادڕەسی دڵسۆزی خەڵکە، بەمەش ڕاستیی
گەندەڵیی سیستماتیک دەشارنەوە.
بانگەواز بۆ کوردانی تاراوگە:
هاوکاری ڕاستەوخۆ؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەم واقیعە تاڵە و کەمیی متمانە بە
دەزگا فەرمییەکان، داوا لە کوردانی تاراوگە دەکرێت:
یەکەم) بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی هاوکاری و یارمەتیی
دارایی بە شێوەیەکی مەردانە و ڕێکخراو.
دووهەم) لەبەر نەبوونی متمانە بە دەزگا و دامەزراوە
سیاسییە نێوخۆییەکانی کوردستان بەهۆی مێژووی ناڕوونیی داراییان، داواکارین کە ئەو
هاوکارییانە تەنها لە ڕێگەی ناسیاو و پەیوەندیی ڕاستەوخۆوە بگەیەنرێتە دەستی زیانلێکەوتووان،
بۆ دڵنیابوون لەوەی پارە و هاوکارییەکان دەچنە شوێنی مەبەست.