شاشەکانی ماڵەوە شەڕیانە!
PM:09:14:06/12/2025
172 جار خوێندراوەتەوە
ئاوات جەمال ساڵح
+
-
درۆن لە ئاسمانە و دەیانەوێ لێیان ببورن کە ئاڵای کوردستان لە تورکیا بینراوە، گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا دەکرێتەوە و لە بۆشایی نەهاتنی وەزیری دەرەوە، بە جێگرەکەشی رازین، میلیشیاکانی عێراق غاز و کارەبای دەبڕن و مەمنوونن موەلیدە ئەهلییەکان هەڵی بکەن، پارتی و یەکێتی بەنیازن چی سەبرێکی تر لەسەر میللەتەکەیان تاقی بکەنەوە؟ کە ئەوە دۆخی حکومڕانییە لەرزۆکەکەیانە، بۆچی ئەم دوو شاشەتان بەرداوەتە گیانی خەڵک؟
وەڵا بابە، ئەمە نوێترین داهێنانی شەرمنانەی پارتی و یەکێتیە و ململانێی سیاسییان بۆ شاشەی ماڵەکان و بۆ بەردەم دایک و باوک نەخۆشەکان، گەنجانی خوێندکار و منداڵانی توشبووی شێرپەنجە گواستووەتەوە، ئەم دوو شاشە بەنیازن چی بخوڵقێنن؟ ئەم مەترسییە چییە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەنانەت نەتەوە دروستییان کردووە.
لەوە بگەڕێن، مۆدیلی میدیایی ئەهلی و حزبی دەستەمۆکراوە و توانای دروستکردنی رای گشتیی نییە، ئێستا میدیای کەسی و سێبەر سینارۆ دروست دەکات، دابەشکاری دەکات و خەڵک هاندەدات لە نێوان سلێمانی و هەولێر ژیان بوەستێ و هاتوچۆ نەکەن، بیری خۆتانی بخەنەوە، هەرێمی کوردستان گرفتی چی هەیە و ئەوان شەڕی چی دەکەن؟
لەدوای لالەزار و لاجان و کوشتن و بڕینەکان، زیندووترین نموونەی کەرەستە بۆ ململانێی شاشەکانیان، رووداوەکەی بازگەی بانی مەقان بوو، وترا هێزێکی کۆماندۆ کەبارەگاکەشیان هەمووی ٢٠ مەتر دوورە لە بازگەکەوە، حساب بۆ بازگەی ئاسایش ناکەن و ناسنامەیان پێ نادەن، بێژەرەکە لە سلێمانی دانیشتووە و دەڵێ، خۆ لە چوونە هەولێر بە نیو سەعاتیش داخڵ نابی، چونکە دەیەوێ بینەرەکانی ماڵەوە تەرکیزیان لەسەر ئەوە نەمێنێ لەناو ماڵەی خۆیدا کێشەی ئەمنی خوڵقاوە، لەوەی لاجانیش بێژەرەکە لە هەولێر دانیشتبوو دەی وت چەمچەماڵ ئاوی نییە!
لە عێراق پەڕلەمان پێک دێ و هەژموونی پۆست لەڕێگایە، کورد لە کەرکوک، دوزخورماتوو و خانەقین دەبن بە کەمینە، سنورەکان پاسداری بۆ دێ و جەندرمە خاڵی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەری لە ١٣٦ بنکەی ناو خاکی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، روسیا دێت و چین داوای هاوبەشی کرد، ئەمریکاش لەخۆفی بەرژوەندی جگە لە ناسنامەی دەوڵەتەکانی کوردی تێدایە، کورد وەک فاکتەری بەهێز نابینێ، باوەڕبکەن پارتی و یەکێتی هێندە عاقڵ نین و شەڕەکەیان لەبری ماڵی ئەوان هێناوەتە ناو ماڵی خەڵکەوە.