ئەمڕۆ گریانم هات!
PM:09:32:07/11/2025
1356 جار خوێندراوەتەوە
مەلا فەرمان
+
-
بەر لەوەی باس
بکەم بۆ گریانم هات، بە باشم زانی لە رابردووەوە دەست پێبکەم.
ساڵی ١٩٧٧ جلێکی کوردیم لەبەر کرد و رۆنم لە قژە
درێژەکەمداو، دەلینگی پانتۆڵەکەم ٥٠ بوو، زوڵفە تاک جزمەییەکانم دەبریسکایەوە،
گەنجێک نۆکێ بە نۆ پاروی ناخوارد، بەرەو سەیرکردنی یاری تۆپی پێ،لە کوێ لەم
کەرکوکە، دوو جل رەش لەبەر دەرگای یاریگاکە وێستابون، یەکیان لایەکی چاکەتەی
هەڵدایەوە، دیاربوو ویستی کلکی دەمانچکەی ببینم، هاتە قسە، وتی، " بۆ کوێ" "دەچم
سەیری یاری دەکەم" وتی بچۆ ئەو جلە پیسانە بگۆڕە و ئەوسا وەرەوە.
ئەم رەفتارە
منی کرد بە پێشمەرگە، ئەگینا، ئەوکاتیش، شەڕی جەلالی و مەلاییم لە خزمانی باوکم و
دایکمەوە بیستبوو و بینیبوو، دایکم لەملا و باوکم لەولا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق لە ١٩٨٠ ، لەم هەڵبژاردنە لە کۆی ٢٥٠ کورسی حیزبی بەعس ١٨٧ کورسی
برد، رێژەی بەشداربوان ٨٠٪، بەبێ بەشداری ئەو ناوچانەی عێراق دەستی پێناگەیی.
راستە ئەو هەڵبژاردنە و ئەوەی ئێستا جیاوازیەکی یەجگار زۆریان هەیە، جێی بەراورد نیە،
بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد، ئەوسا زۆرینە لەترسا بە ناچاری بەشداریان دەکرد،
دیمەنەکانی هەڕەشەکردن لە بەرچاو و لە هزری زۆرینە ماوە. ئەوەی جێی سەرنجە لەگەڵ ئەو جیاوازیە
زۆرەش ، موخابن هێشتا هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە لە ٢٠٠٥ وە تا ئەمڕۆ لە ژێر
پرسیاردایە، گۆڕانکاریەکی سیاسی ئەوتۆی دروست نەکردووە لە سیستەمی حوکمڕانی، نە لە
هەرێم نە لە بەغدا.
چونکە فشاری پارە، چەک، هێز، خزم خزمێنە و بیری
خێڵەکی و هەڕەشەی دەرکردن و موچە بڕین جێ پەنجەیان بەسەر هەڵبژاردنەوە دیارە، بیری
مەزهەبی و دینیش لە پارسەنگدایە. لەم سەردەمە، هەندێ دیاردەی تازە پەیدا بووە کە
لەکۆندا نەبوە:
١- کڕینی لایەنگرانی یەکتر، لە سایەی بونی فرە
حیزبیدا.
٢-بەخشینەوەی ئیمتیازات.
٣-کۆپیکردن و بردنی کارتی دەنگدان و ناسنامەی هێزە
ئەمنیەکان و لایەنگرانی حزب.
٤-فرۆشتنی کارتی دەنگدان و بەرزبونەوەی نرخ.
٥-پەنابردن بۆ کاندیدکردنی کوڕی خێڵ و مناڵی
شەهیدان لە پێناوی کۆکردنەوەی دەنگ. دڵنیام پێویست بە بەڵگە ناکات لە بونی ئەم
دیاردانە، بەڵکە ئەوەندە بەسە ، تێکەڵی خەڵک بیت، هەمووی دەبیستی و دەبینی لە ناو
کەسە نزیکەکان. ئێستا دێمە سەر ئەوەی ئەمڕۆ گریانی بەندەی پێهات: لەبەر
ئەوەی مامۆستای بیرکاریم تاڕادەیەک لەگەڵ خوێندکارەکان تێکەڵیم هەیە، ئەمڕۆ لە
خوێندکارێکم پرسی ئەمساڵ تەمەنی بۆتە ١٨ ساڵ و مافی دەنگدانی هەیە. مامۆستا: پێتخۆشە بچیت بۆ دەنگدان، خوێندکار: پێم
خۆشنیە، ناچم چونکە هیچ سودی نیە. مامۆستا : گرنگی کەرکوکم بۆ باس کرد، چەند گرنگە
بەشداری دەنگدان بکات، مافی خۆیەتی. خوێندکار: مامۆستا، خۆم حەزم لە چوون نیە، بەڵام دەبێ بچم. مامۆستا: بۆ دەبێ بچی، کە خۆت ئارەزوت نیە. خوێندکار: باوکم مووچە خۆرە، هەفتەیەکە حیزب کۆپی
کارتی دەنگدان و ناسنامەیان بردووە، باوکم دەڵێ ئەگەر نەچین بۆ دەنگدان موچەکەمان
دەبڕدرێت، ئەوان موچەمان دەدەدنێ و هەقیان بەسەرمانەوە هەیە.
لە کاتی نوسینی ئەم بابەتە، هێندەیتر
قوڕگم پر لە گریان بوو، بە تەنهابوم، خۆم پێنەگیرا و دام لە قوڵپەی گریان. بۆ: لە
سۆشیال میدیا بینیم چۆن لە کەرکوک و لە دوو بارەگای جیاجیا مرۆڤێکی خاوەن بڕوانامە
و ناوشینانی دکتۆر و نیشتەجێی ئەوروپا کاڵائاسا حیزبی کوردی مامەڵەی پێوە دەکات و
هاوشێوەی خاوەن کۆیلەکان زەردەخەنە دەیانگرێ بە کڕینی ئەم مرۆڤە.
دەپرسم، کێ بێ
لە جێی من نەدا لە قوڵپەی گریان، نەوەیەک بەو شێوەیە بۆ نیشتمان پێبگەیەندرێ،
زەلامێک کرین و فرۆشتنی پێوە بکرێ. بەندەش لەو تەمەنە چی پێدەکرا، خۆشحاڵبوم بەوەی
خۆگربوم و نەم هێشت فرمێسکەکان بێتە خوارێ، نەبادا ئەو گەنجە بیبینێ و لەو تەمەنە
دڵشکست بێت و خەمباربێت. بەڵام لە تەنهایی بۆ کڕین و فرۆشتن بەو زەلامەوە خۆم بۆ
نەگیرا. هەن، پێم دەڵێن بۆ دەنوسی؟ ئێ نەشنوسم، پێم دەنوسن.