سەبارەت بە پێشێلی میدیا
PM:04:52:03/11/2025
500 جار خوێندراوەتەوە
بەشدار هەمزە
+
-
بە نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی
یەکێتی لە کەرنەڤاڵێکی بانگەشەی حزبەکەی لە هەولێر، وتارێکی توندی ڕەخنەگرانەیدا تیایدا
باسی کێشەکانی ئازادی، گەندەڵی و زۆرداری لە هەولێر کرد. قسەکانی لە ڕووی ناوەڕۆکەوە
ڕاست بوون و دەستیان لە برینێکی قووڵ لە جەستەی کۆمەڵگای کوردستان دایە، بەڵام پرسیارێکی
گرنگ لێرەدا دروست دەبێت: ئایا ئەو ڕاستییانەی بافڵ تاڵەبانی باسی دەکات، تەنها تایبەتن
بە هەولێر؟
رەخنەکانی بافڵ: دروست بەڵام ناتەواو
بافڵ لە وتەکانیدا وتی: هەولێر شەقامی پانە و باڵەخانەی بەرزە بەڵام بەچی
ئەچێت کە ئازادی لەو شارەدا نەبێت، هەروەها ئاماژەی بە ئەوە کرد کە چالاکوانان
ناتوانن بە ئازادی قسە بکەن و هۆڵمان بۆ چییە چالاکوانێک نەوێرێت بە دزێک بڵی دز،
ئەم قسانە ڕاستییەکی ئازار بەخشن. بێگومان لە هەولێر و تەواوی ناوچەکانی دیکەی
کوردستان، ئازادی ڕادەربڕین نزیکە لە سفر و چالاکوانانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان بەردەوام
ڕووبەڕووی هەڕەشە و گرتن دەبنەوە.
هەروەها باسی گرانی سووتەمەنی کرد و وتی: بەنزین و نەوت زۆر گرانە، حەزیش
دەکەن وابێت، بۆ ئەوەی وەرگیان زڵتر بێت و شەش غەبغەبەکەیان ببێتە هەشت. ئەمەش ڕاستییەکی
دیکەیە کە هەموو هاووڵاتیانی کوردستان ئازارەکەی دەچێژن، لە گرانی ژیان و دۆخی
ئابووری خراپەوە.
بەڵام سلێمانی چی؟
ئەوەی بافڵ تاڵەبانی باسی نەکرد یان بە ئەنقەست باسی ناکات ئەوەیە کە
هەموو ئەو کێشانەی کە ڕەخنەی لێ گرتن، بە هەمان شێوە و لە هەندێک ڕووەوە لە ئاستێکی
توندتریش، لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی هەن. لە سلێمانی،
چالاکوانان نەک هەر ناوێرن بە دز بڵێن دز، بەڵکو ئەگەر وابڵێن تەقەیان لێدەکرێت، هەندێکیان
ونکراون و هەندێکیان کوژراون. لە هەمان کاتێکدا کە بافڵ ئەم قسانە لە هەولێر دەکات،
سەرۆکی سێ حیزبی ئۆپۆزسیۆن لە زیندانەکانی خۆیدا دان، و تەنها لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا
دوو کەس گیراون و ونکراون تەنها بەهۆی کۆمێنتێک لە سۆشیاڵ میدیادا، کەس نازانێ لە
کام زیندان دان.
ئیرۆنیای سەیر ئەوەیە کە ڕێک لە کاتی نوسینی ئەم وتارەدا، خودی بافڵ بەڵگەیەکی
تازەی بۆ ڕاستی ئەم قسانەمان دابینکرد. کەناڵی ئێن
ئاڕ تی رایگەیاندووە
کە هێزێکی چەکدار سەر بە یەکێتی هێرشیان کردووەتە سەر کەناڵەکە و پەخشەکەیان
راگرتووە، تەنها بەهۆی پەخشکردنی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید – هەمان
شاسوار کە ئێستا لە زیندانەکانی بافڵدا دەستبەسەرە. ئەمە ڕێک یەک ڕۆژ دوای ئەو لێدوانە
ڕوویدا کە بافڵ تێیدا لە هەولێر پرسیاری کرد: هۆڵمان بۆ چییە چالاکوانێک نەوێرێت بە
دزێک بڵی دز؟ وەڵامەکە ئاشکرایە: لە سلێمانی نەک هەر کەس ناوێرێت بە دز بڵێت دز، بەڵکو
ئەگەر کەناڵێک تەنها چاوپێکەوتنی کەسێک پەخش بکات کە لە زیندانی بافڵدایە، کەناڵەکە
بە چەکداری خۆی دادەخرێت. کەواتە هەولێر خراپە، بەڵام سلێمانی لە ئاستێکی دیکەی
خراپیدایە.
نرخی بەنزینیش هەر ئەو نرخەیە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کاکی غەبغەبە
و دز سەر بەخۆی و حزبەکەی خۆیەتی لەوێ. ئەگەر لە هەولێر سەدان فیرعەون هەبن، لە سلێمانی
هەزاران هەن، لەگەڵ دزی و تاڵانی سامانی گشتی، قاچاغچێتی لە سنورەکان، قاچاغچێتی نەوت،
و مۆنۆپۆڵکردنی تەواوی بازار لەلایەن کۆمپانیای حزبەکەیەوە. جیاوازییەکە تەنها لەوەدایە
کە لە هەولێر بەلایەنی کەم جادەیەکی پان دروست کراوە و دزییەکە تێیدا دەکرێت، بەڵام
لە سلێمانی جادەکەش دروست نەکراوە و دزییەکەش دەکرێت. بازرگانان لە سلێمانی لە بارێکی
خراپتردان چونکە سەرانە سەندن بووە بە پیشەی دەسەڵات و هەر بازرگانێک دەبێت سەرانە
بدات یان نیوەی قازانجی بدات بە کۆمپانیای سەر بەحیزب. لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا
ڕێک هەمان سیستم کە مافی هاووڵاتیان بپارێزێت نیە، دادگاکان سەربەخۆ نین، دامەزراوەکان
بەپێی ویستی حزب کار دەکەن، لێپرسینەوە نییە، شەفافیەت نییە. لە هەمووشی سەیرتر وەک
ئەوەی لەدوای ٢٠٠٣ پارتی بە تنها حکومەتی پێک هێنابێت قسە دەکات، ئەوە لەکاتێکدایە
ئەو حکومەتە کاربەرێکەرەی ئێستا و چەندین کابینەی پێشووتر هەموویان براکەی جێگری سەرۆکی
حکومەتەکە بووە وەک چانتا هەڵگرێک بۆ سەرۆکی حکومەت و زۆرترین وەزیر سەربە حزبەکەی
ئەو بوونە.
ئەمانە ڕاستییەکانن کە هەموو هاووڵاتیانی کوردستان شایەتی ئەم دۆخەن.
کێشەکە لەوەدا نییە کە ئایا بافڵ ڕاستی دەڵێت یان نا کێشەکە لەوەدایە کە ئەو هەموو
ڕاستییانە بۆ خۆی و حزبەکەی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو هەر هەمان ڕاستین.
دوو کێڵگە، یەک یاری، یەک کێشە
لە ڕاستیدا، ئەوەی لە کوردستان هەیە کێشەیەکی سیستمییە، نەک کێشەیەکی
تایبەت بە شارێک یان لایەنێک. هەموو لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان، پارتی و یەکێتی بە
تایبەتی، کاتێک دەسەڵاتیان هەیە هەمان نەخۆشییەکانیان تێدایە. جیاوازییەکە تەنها لە
ئاست و ڕێژەی گەندەڵی و زۆرداریدایە، نەک لە بوون یان نەبوونی کێشەکەدا.
هەردووکیان ئازادی ڕادەربڕین و چالاکی مەدەنی سنووردار دەکەن، ئابوورییەکان
و دەرفەتەکان کۆنترۆڵ دەکەن، لەگەڵ هەر دەنگێکی ڕەخنەگر دژایەتی دەکەن. ئەمە لەبەر
ئەوەیە کە سیستمێکی دامەزراو نییە بۆ لێپرسینەوە و سزادان، هەر حزبێک لە ناوچەکەی
خۆیدا وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ کار دەکات بێ ئەوەی کەس لێی بپرسێتەوە. دادگا و دامەزراوەکانی
یاسایی سەربەخۆ نین و دەتوانرێت بەکار بهێنرێن بۆ سەرکوتکردنی دژبەران نەک بۆ دابینکردنی
دادپەروەری، لە کاتێکدا ڕێگاکانی ئاشتیخوازانەی گۆڕانکاری وەک ڕاگەیاندن و چالاکی
مەدەنی و خۆپیشاندان بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت دەکرێن. ئەنجامەکەشی ئەوە بووە
کە گەندەڵی و خۆدەوڵەمەندکردنی لایەنە سیاسییەکان بووەتە شتێکی ئاسایی، هەی لەوەی
زۆرتر بدزێت.
کەواتە کاتێک بافڵ تاڵەبانی لە هەولێر باسی ئەوە دەکات کە کەسانێک هەیە
وەک فیرعەون لە هەولێر دەژین و چالاکوانان ناتوانن بە ئازادی قسە بکەن، پرسیارەکە
ئەوەیە: ئایا ئەم کێشانە لە سلێمانی نین؟
نموونەی دووبارەبووەوە
ئەگەر سەیری مێژووی نزیکی سیاسی کوردستان بکەین، ئەم نەخشە دووبارە دەبێتەوە.
حزبی گۆڕان، کە لە ٢٠٠٩دا دامەزرا وەک بزووتنەوەیەکی دژ بە گەندەڵی و داواکاری
چاکسازی، کاتێک هێزی بەدەستهێنا لە سلێمانی، لە هەمان نەخۆشییەکانی کەوتە ناو. ئەمە
ڕەنگدانەوەیەکە لە چۆنیەتی کارکردنی سیستمی دەسەڵات لە کوردستان: دەسەڵاتی بێ لێپرسینەوە،
گەندەڵی بەرهەم دەهێنێت.
چارەسەر چییە؟
ئەگەر بمانەوێت لە گێژاوی کێ خراپترە دەربچین و بگەینە چارەسەرێکی ڕاستەقینە،
پێویستە هەموو لایەنەکان دان بە کێشەکانی خۆیان بنێن، نەک تەنها بە کێشەکانی دژبەرەکانیان.
هەروەها دامەزراندنی سیستمێکی سەربەخۆ بۆ لێپرسینەوە کە هەموو لایەنەکان تێیدا یەکسان
بن، لەگەڵ پاراستنی ڕاستەقینەی ئازادی ڕادەربڕین و چالاکی مەدەنی لە هەموو ناوچەکاندا
بێ جیاوازی. لەسەرووی هەموویانەوە، پێویستە لادانی سیستمی ئەمە ناوچەی ئێمەیە و
دامەزراندنی سیستمێکی یەکگرتووی یاسایی کە دەرچوون لە دوو زۆنی زەرد و سەوز دابین
بکات
کۆتایی
بافڵ تاڵەبانی لە وتەکانیدا وتی: وەک حزبی دیکە نین، شەڕ بۆ هەموو
کوردێک دەکەین. بەڵام ئەگەر بە ڕاستی بمانەوێت شەڕ بۆ هەموو کوردێک بکەین، دەبێت دەست
بکەین بە پاککردنەوەی ناوماڵی خۆمان. ڕەخنە لە دژبەر گرتن ئاسانە، بەڵام داننان بە
کێشەکانی خۆت و چاکسازیی ڕاستەقینە ئەوە پێویستە.
هاووڵاتیانی کوردستان ئەم دووبارەبوونەوەیەیان بینیوە: هەموو حزبێک
کاتێک لە دەرەوەی دەسەڵاتە، بەڵێنی ئازادی و دادپەروەری دەدات، بەڵام کاتێک گەیشتە
دەسەڵات، هەمان ڕێگاکانی پێشوو دەگرێتەوە، وەک کورد دەڵێت هەموو رێگاکان دەچنەوە
بانە. تاکو ئەم سکێڵە نەشکێت، کوردستان لە گێژاوی خۆیدا دەمێنێتەوە، بێ گوێدانە ئەوەی
کێ لە هەولێرە و کێ لە سلێمانی.