کوردستان؛ ئەو شوێنەی باجی سەرکردایەتی
شکست خواردوو دەدات
PM:03:40:13/10/2025
460 جار خوێندراوەتەوە
فەرهەنگ تاهیر
+
-
ساڵانێکە کوردستان وەکو چرایەکی ئومێد و پەناگەیەکی ئارام لە عێراقێکی پڕ لە گێژاودا وێنا دەکرێت بەڵام لە ئەرزی واقعدا چیرۆکەکە زۆر جیاوازە چیرۆکەکە چیرۆکی گەندەڵی و خزم خزمێنە و ئەو بەڵێنانەی کە جێ بەجێ نەکراون و چیرۆکی جیلێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە بەهەموو شێوەیەک بڕوای بە وڵاتەکەی نەماوە.
سەرەڕای ئەمانەش کۆمەڵێکی تر لە کێشەی بەردەوام، وەک بچڕانی بەردەوامی کارەبا،کەمی ئاو، پەککەوتنی بەردەوامی خوێندن بەهۆی نەدانی مووچەوە، مامۆستا و پزیشک و فەرمانبەران چەندین مانگ چاوەڕێی موچەکانیان ئەکەن، کە هەرگیز لەکاتی خۆیدا پێیان نادرێت ، لەبەرامبەردا بەرپرسە حزبیەکان لە ڤێلاکانیاندا ئەژین و منداڵەکانیان بۆ خوێندن دەنێرنە وڵاتانی دەرەوە و پارەی خەڵکیش بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان بەکاردەهێنن.
شانۆی سیاسی لە کوردستان لە مێژەوە دوو بنەماڵە دەستی بەسەردا گرتوە کە ئەوانیش بارزانییەکان و تاڵەبانییەکانن ،ئەم دوو بنەماڵەیە سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتەکان و هێزە ئەمنیەکان و تەنانەت کەرتە گەورەکانی ئابوریشیان کۆنتڕۆڵ کردوە،لەم هەرێمەدا هەلی کار لەسەر بنەمای شایستەیی کەسەکان و یان ئاستی ئەو خوێندنەی پێی گەیشتون نیە ،بەڵکو لەسەر بنەمای حزبی و پەیوەندی خێزانی و پلە و پۆستی ئەندامانی ئەو خێزانەیە، گەنجەکان کاتێ خوێندن تەواو ئەکەن بۆیان دەرئەکەوێت کارامەیی هیچ بەهایەکی نیە لە خاکێکدا کە بنەماڵە حکومڕانی ئەکات ، بۆ ئەم گەنجانە بێ ئومێدی جێگەی ئومێدی گرتۆتەوە.
لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵ جارێک هەڵبژاردن لەم هەرێمەدا دەکرێت بەڵێن دەدرێت و تابلۆکان پڕ دەکرێن لە دروشم بەڵام دیموکراسی تەنها شانۆگەریەکە لەم هەرێمەدا چونکە دەرئەنجامیە ئەم هەڵبژاردنانە هەمیشە پێشبینیکراوە: هەمان حزب و هەمان ڕووخسار و هەمان بنەماڵە لە دەسەڵاتدا چەسپاون، پەرلەمان دەڕووخێت، و دادگاکان لە ژێر کاریگەری فشارە سیاسییەکاندا دەمێننەوە.
کاریگەری هاوڵاتیش لەم دەنگ دانەدا لە نێوان پشتگیری یان ناڕەزاییەکی بێدەنگدا ماوەتەوە ،و هیچ توانایەکیان نیە بۆ گۆڕانکاری راستەقینە.
وە گەندەڵی بوەتە بەشێکی دانەبڕاو لەم هەرێمە هەزارەها فەرمانبەر هەن کە موچە لەم حکومەتە وەر ئەگرن بێ ئەوەی بۆ ڕۆژێک کاریان کردبێت و ناویان لێنراوە (موچە خۆری بن دیوار ) ، داهاتی نەوت بەشێوەیەکی بەردەوام دیارنامێنێت بێ هیچ ڕونکردنەوەیەک کە لە چیدا سەرف کراوە و بۆ کێ سەرف کراوە، گەندەڵی بووەتە شتێکی ئاسایی.تەنانەت هێزە نیشتیمانیەکەی ئەم هەرێمەشی گرتۆتەوە کە پێشمەرگەیە ئەو هێزەی کە سەردەمانێک هێمای یەکڕیزی و شانازیی نەتەوەیی بوو و بە هێزێکی نیشتیمانی ئەیبینرا گەندەڵی و داڕوخانی یەکڕیزی بە ئاشکرا پێوە دیارە و لە ئێستادا هیچ مۆرکێکی نیشتیمانی پێوە دیار نەماوە و لەنێوان دوو حزبی دەسەڵاتدا (پارتی و یەکێتی )دابەشبوە و ئەم دوو حزبە بەڕێوەی ئەبەن ، ئەم دابەشبونەش بوەتە هۆی لاوازی ئەم هێزە و دەستوەردانی کەسی و حزبی ئاسان کردوە و لە ئەنجامدا بەشێوەیەکی بەرچاو گەندەڵی و ملکەچی بۆ لایەنانێکی دیاریکراو و واستە و خزم خزمێنە لەم هێزە دابەشکراوەدا ئەبینرێت.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش بەر پرسانی ئەم هەرێمە لە کێشمەکێشی بەردەوام دان لەگەڵ بەغدا لەساڵی ٢٠٢٥ سەرکردە سیاسیەکانی هەرێم گرێیەستی گەورەی غازیان لەگەڵ چەن کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکی ڕاگەیاند .بەغدا ئەم گرێبەستانەی بە نایاسای داناو کە بوە هۆکارێک بۆ مشتومڕ لەسەر ئەوەی کێ کۆنتڕۆڵی سامانی هەرێم دەکات ئەمەش بوە هۆکارێک بۆ بڕینی موچەی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە و چەندین عایلەی ئەم هەرێمە بەهۆی ئەم دۆخەوە ڕوبەڕوی ژیانێکی سەخت ئەبنەوە و هاوڵاتیان تاکە کەسن باجی خراپ بەکارهێنانی سامانی ئەم هەرێمە ئەدەن.
هەرچی گەنجیشە ژیانێکی چەقبەستوی بێ گۆڕانکاری و بەرەو پێشچون بەڕێ ئەکەن ، ڕوو لە هەرکوێ ئەکەن دەرگاکانیان بەسەردا داخراوەو خەونەکانیان وردە وردە لەبەرچاویان لەناو ئەچێت ئەمەش وای کردوە گەنج لەم هەرێمەدا لە نێوان دوو بژاردەی قورسدابن کە ئەوانیش یان کۆچکردنە بۆ داهاتویەکی نادیار یان مانەوەیە لە وڵاتێک کە لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردندا نقوم بوە، هەر بۆیەش دەبینین مانگانە ژمارەیەکی بێشوماری خێزانی ئەم هەرێمە ڕۆڵەکانیان مەترسی بەزاندنی سنوورەکان ئەگرنە بەر و بەهیوای گەشتن بە داهاتویەکی باشتر کۆچ دەکەن، هۆکاری ئەم کۆچەش بۆ دەرباز بون نیە لە شەڕ بەڵکو دەربازبونە لەو واقعە سیاسی و کۆمەڵایەتیە خنکێنەرەی کە ئەم هەرێمەی پێدا تێ ئەپەڕێ، دەرباز بونە لە و دەسەڵاتەی کە چرای ئومێدی گەنجەکانیان کوژاندۆتەوە وای کردوە نەوەیەک لەگەنجی بەتوانای خاوەن تموح خاکی خۆیان و ئازیزترین کەسەکانیان بەجێ بهێڵن .