سەردێڕ:

جەنگی ئیسرائیل و ئێران چی ڕوودەدات ؟

PM:05:37:19/06/2025
2604 جار خوێندراوەتەوە
د. ئاسۆ فەرەیدون
+ -

جەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل دەستی پێکرد، جەنگێک کە ماوەیەکی زۆرە ئیسرائیل پلانی بۆ داڕشتبوو، کۆماری ئیسلامیش لەو چاوەڕوانیە کتوپڕەدا نەبوو کە هێرش بکرێتە سەری، بەڵکو بۆچونیان وابوو کە لەدوای دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئامادەکاری بۆ ئەو جەنگە بکرێت.
لە بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی حوزەیران لە دەستپێکی جەنگەکەدا، چەندین فەرماندەی سەربازی و زانایانی ئەتۆمی ئێران تیایدا بە ئامانج گیران.
ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە لەو هێرشەدا و ئەوانەی بەئامانج گیران ماڵەکانیان لە باڵەخانەو کۆڵان و گەڕەکە ئاساییەکاندا بوون لە تارانی پایتەخت، بە بەراورد بە سەرکردە و فەرماندە و باڵادەستەکانی عێراق بەگشتی لە ڤێلاو سەرگرد و گەڕەکی تایبەت و باخە گەورەکاندا ژیانیان دەگوزەرێنن.لە رۆژی دووەمی جەنگەکەدا، ئێران وەڵامی هێرشەکەی دایەوە و چەند موشەکێکی دوورهاوێژی ئاراستە بە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل کرد و چەند شوێنێکی هەستیاری کرد بەئامانج،لە شەوی سێیەم و چوارەمدا هەردوو وڵات ناوەند و کۆگاکانی پاڵاوتن و سوتەمەنی و ووزەی کارەبا و فرۆکەخانەکانیان کردە ئامانجی هێرشەکانی یەکتری، وا بە نزیکەیی بەرە و هەفتەیەک جەنگەکە لە نێوان هەردوو وڵاتدا درێژەی کێشاوە،ئەوەی بەدی دەکرێت لەم جەنگەدا ئیسرائیل گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ئەم جەنگە جەنگێکی درێژخایەنە، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتەدا نییە، چونکە هاوڵاتیانی ئیسرائیل توانای بەرگەگرتنی بەو شێوازە چڕە موشەک بارانگرتنەیان نیە، ئەمەش پێچەوانەی هاوڵاتیانی ئێرانە کە ساڵانێکی زۆرە ئەزموونیان لەگەڵ جەنگی مەیدانی و درێژخایانی وەک شەڕی هەشت ساڵەی ئێران عێراق و ڕاهاتنی خەڵکەکەی بەرانبەر بە سزای چەند ساڵەی ئابڵوقەی ئابوری ئەو وڵاتە هەیە.هەروەها ئیسرائیل هەستی بەوەکرد کە چەکی پێویست و بەردەستی نییە تا بە تەنها توانای بە ئامانجگرتنی وێستگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی (نەتەنز و فۆردۆ)ی هەبێت، بەتایبەتی وێستگەی فۆردۆ ژێرخانێکی قوڵی بە دەیان مەتر لەژێر زەوی، بۆ ئەمەش پێویستی بە چەک و موشەکی تایبەت بەو ئامانجانە هەیە کە تەنها سوپای ئەمریکا خاوەندارێتی ئەکات ئەویش موشەکی (تێکشکێنەری حەشارگە)یە هەر لەبەرئەوەش ئیسرائیل کەوتە داوای هاوکاری و یارمەتی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی ئەو وێستگانە بکرێنە ئامانج و (ترەمپ)یان ناچار بەوەکرد کە هەڵویست و پەیامی خۆی بگۆڕێت، سەرۆکی ئەمریکاش بەفەرمی پەیامی خۆی ڕاگەیاند و داوای (خۆ بەدەستەوەدانی بێ مەرج) لە ئێران کرد کە دەست لە بەرنامەی یۆرانیۆم هەڵبگرن لە پێناو کۆتایی پێ هێنانی ئەم جەنگە.بۆ راوەستاندنی ئەم جەنگە ئەمریکاو ئیسرائیل دوو داواکاریان هەیە:یەکەم / کە داواکاریەکی راستەوخۆیە، بۆ خۆ بەدەستەوەدانی بێ مەرج لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە وازهێنان و دەستبەرداربوونی ئێرانە بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی و فایلی هەڵوەشاندنەوەکەش پێشکەش بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بکات.دووەم/ داخوازییەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی (ولایەتی فقیە) لە ئێران و گۆڕینی بە سیستەمێک کە سەرۆکی کۆمار دەسەڵاتی باڵای تێدا هەبێت، ئەمەش بە واتای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمەی لەساڵی ١٩٧٩ کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەری دامەزرا و قبوڵکردنی ئەم داواکارییانە بە واتای دەستبەرداربوونی ئێرانە لە بەرخۆدان و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیە لە ئێرانی بەرخۆدان بۆ ئێرانی دەوڵەت.بە بۆچوونی ئێمە، ڕازیبوون بە هەریەکێک لەم دوو داواکارییە، واتە کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئێران، بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران لە گۆشەیەکی تەنگدایە، هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە بەردەوامیدان بە جەنگ تا ئەو کاتەی لایەنی بەرانبەر پێوەرەر بژاردەی دیکەی دانوستان دەخاتە ڕوو وە یان یەکێک لەو دوو لایەنە جەنگەکە دەدۆرێنێت.

گەلەری