سەردێڕ:

ئاوایە بازرگانی..!

PM:11:22:21/05/2025
3292 جار خوێندراوەتەوە
دانا محەمەد
+ -

لە وڵاتانی دونیادا و بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە خاوەنی سامانێکی زۆری سروشتیی وەک نەوت و غازن، دەسەڵاتدارەکانیان ئەم سامانانەیان کردووەتە فاکتەری سەرەکیی بۆ بوژاندنەوەی وڵات و خۆشگوزەرانیی هاوڵاتیانیان، هەر لە کوەیتەوە بیگرە تا دەگەیتە سعودیە و ئیمارات و قەتەڕ و بەحرەین و چەندین وڵاتی دیکەش.

لەم کوردستانەی خۆشمان، دەست دەخەیتە سەر هەر بەردێک و بستە ئەرزێک، سامانێکی گەورەی تیادا دەدۆزیتەوە، هەر لە سامانی سەرزەوییەوە بیگرە تا دەگەیتە ژێر زەویی، نەوت و غاز و هاوشێوەکانیان، بەڵام چونکە لەوەتەی ئەم هەرێمەمان هەیە بە ناشکوری نەبێت کەسێکی دڵسۆزمان نەبووە لە دەسەڵاتدا، نەتوانراوە بەو هەموو نەوت و غازەوە باری سەر شانی هاوڵاتیان کەمێک سوک بکرێت.

ئەوە با باسی نەوت و ئابووریی سەربەخۆ هەر نەکەین، نزیکەی ١٠ دانە ساڵ نەوتییان بە سەربەخۆ فرۆشت، نەک هەر خێرمان لێ نەبینی، ٣٠ ملیار دۆلار قەرزیشیان خستە سەرمان، ئەوەشی لەم نێوەندەیا گیرفانی ئاوسا بە پارەی نەوتەکە، هەر بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بوون.

با تۆزێک بێینە باسی ئێستامان، لەدوای ٢٥ـی ٣ـی ٢٠٢٣ـەوە کە قفڵی نەوتی هەرێم گیرایەوە و لە رێگەی بۆرییەوە نەوتی هەرێم راگیرا، بازاڕی نەوتی قاچاخ گەرمبوو، یەکێتی لەمدیوی دێگەڵە و پارتیش لەودیوی دێگەڵەوە بە دڵی خۆیان نەوتیان لەم خاکە دەردەهێنا و بە قاچاخ دەیاننارد بۆ دەرەوە، تەبعەن پارەکەشی بۆ کێ بوو؟ خۆ وانازانن بۆ میللەت بوو؟ نەوەڵا هەر بۆ باخەڵی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بوو.

پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، ئەوەی زۆر سەرنجی کەوتە سەر بافڵ تاڵەبانیی سەرۆکی یەکێتی بوو، بۆ؟ چونکە رۆژ نەبوو نەیەتە سەر شاشە و بەڵێنی قەبە قەبە بە دەنگدەرانی حزبەکەی نەدات، باش، دەیوت چی؟ "قەت غازەکەیان تەسلیم ناکەم! قەت! ئەو غازە هی میللەتی کوردە، ئەو غازە هی گیرفانی هیچ کەس و بنەماڵەیەک نییە!"، دەی وەڵا غازەکەشت تەسلیم کرد و هەر وەک پارەی نەوتەکەش دەچێتەوە گیرفانی بنەماڵە و یەک فلسیشی ناچێتەوە گیرفانی میللەت، تەبعەن وەک مانگەشەو دیارە ئەو هەموو هاژوهوژەی کاتی بانگەشە بۆ ئەوە بوو بیکەن بە شەریکەبەشی غازەکە و پاروویەکی چەور بپچڕێنێت، ئەوەتا هەموو مانگێک بە کاش ٣٥ ملیۆن دۆلار دەخەنە باخەڵییەوە، بە کوردیەکەی شینەکەی بافڵ تاڵەبانییش بۆ هەریسەکە بوو! ئەگینا ئەمانە کەی شەڕی ماف و قوتی ئەم میللەتەیان کردووە؟ کەی بەلایانەوە گرنگ بووە خەڵک وەزعی چۆنە؟ پارەی هەیە؟ کاروکاسبی هەیە یان نا؟ قەت! خۆی وتەنی، قەت! قەت بەخەیاڵیاندا نەهاتووە! ئەوە باسی ئەوەش ناکەم کە بستە زەوییەکیان بۆ خەڵکی داماو نەهێشتووەتەوە و هەموویان یان داگیرکردووە یان داویانە بە کۆمپانیاکانی نزیک لە خۆیان، پێویست ناکات زۆر لەسەری بڕۆم، هەر کەسێک تۆزقاڵێک ویژدانی هەبێت و کەمێک سەری بەرز بکاتەوە، ئەم هەموو زوڵم و ناحەقییەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەبینێت، چۆن رۆژ لە دوای رۆژ ژیانی ئەم میللەتە بەرەو تاریکستان دەبەن، بەو تاریکستانەشدا پڕۆژەکەی کابرام بیرکەوتەوە، پڕۆژەی کارەبا ٢٤ سەعاتییەکە، بەحساب پێی ئەڵێن رووناکی، کەچی هەرچی ماڵ و کۆڵانە بووە بە تاریکستان، ئاواش هەموو مانگێک کۆڵێ پارەی کارەبا لە میللەت دەسەنن، ئەشهەدوو ئاوایە بازرگانی!

گەلەری