کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی رایگەیاند، ئەمشەو شاری پیشەسازیی راس لافان رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەتەوە و زیانی مادیی زۆری بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ـی ئازاری ٢٠٢٦، کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "شاری پیشەسازیی راس لافان ئەمشەو بە مووشەک هێرشی کرایەسەر و تیمەکانی وەڵامدانەوەی باری نائاسایی دەستبەجێ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی بەهۆی هێرشەکانەوە دروست ببوو، رەوانە کران."
کۆمپانیاکە دەشڵێت، تیمەکانیان سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن. وەزارەتی دەرەوەی
قەتەریش سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات و دەڵێت مافی وەڵامدانەوەیان هەیە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکان زیانی مادیی زۆریان لێکەوتووەتەوە،
بەڵام جەختی کردەوە کە سەرجەم کارمەندەکان سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی تاوەکو ئێستا
تۆمار نەکراوە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێکدا، سەبارەت بە هێرشەکە دەڵێت،
"هێرشی دڕندانەی ئێران بۆ سەر شاری پیشەسازیی راس لافان، پەرەسەندنێکی مەترسیدار
و پێشێلکارییەکی زەقە بۆ سەروەریی وڵات و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی
ناوچەکە."