سەردێڕ:

داهاتی نەوت دوو هێندە دەبێت؛ وردەکاری پلانە نوێیەکەی سۆمۆ بۆ هەناردەکردنی نەوت

PM:11:21:18/03/2026

1692 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سومۆ)، لە ڕێگەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان، پلانێکی بۆ هەناردەکردنی بڕی ٩٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ بازاڕەکانی جیهان داناوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ـی ئازاری ٢٠٢٦، عەلی نەزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سومۆ رایگەیاند، لە کاتژمێر ٦:٣٠ بەیانی ئەمڕۆوە، هەناردەکردنی نەوتی خاوی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهانی تورکی دەستیپێکردووە، ئێستا بڕەکە کەمە، بەڵام لەداهاتوویەکی نزیکدا بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەکرێتەوە.

دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی بڕی هەناردەکراو لە رێگەی باکوورەوە بەراورد بە باشوور کەمترە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بۆ سەرووی ١٠٣ دۆلار، داهاتی ئەم هەناردەیە دوو هێندەی جاران زیاتر دەبێت.

کۆمپانیای سومۆ جەختی کردەوە ئێستا گرێبەستیان لەگەڵ چەندین کۆمپانیای ئەمریکی و ئەوروپی بۆ هەناردەکردنی بڕی ٨٥٠ بۆ ٩٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەیە.

بەپێی پلانەکەی سۆمۆ، جگە لە هێڵی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بە تانکەر بۆ وڵاتانی ئوردن و سوریا دەگوازرێتەوە تاوەکو لەوێوە و لە رێگەی بەندەری بانیاسی سووریاوە بگاتە دەریای ناوەڕاست و بازاڕەکانی جیهان.













گەلەری