سەردێڕ:

لە هەولێر بە چەند درۆنێک هێرش کرایە سەر کارگەیەکی رۆن

AM:11:53:01/04/2026

1092 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کرایە سەر کۆگایەکی رۆنی ئۆتۆمبێل و بەهۆی مەترسییەکان و نەبوونی هیچ شتێکی رزگارکراو لەناو کۆگاکەدا، لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی بەرگری شارستانی، داواکراور لە شوێنی رووداوەکە دووربکەونەوە و لە ئێستادا تیمەکان چاوەڕێ دەکەن ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی نیسانی ٢٠٢٦، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر ئاشکرای کرد، "هێرشی یەکەم لەکاتژمێر ٧:٣٠ بەیانی ئەنجامدرا، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام لەکاتژمێر ٨:٤٠ خولەک‌ و لەکاتی سەرقاڵبونی تیمەکان بەکارەکانیان، جارێکی دیکە لەڕێگەی درۆنی دوەمەوە هێرشکراوەتەوەسەر هەمان شوێن".

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد، کە زنجیرە هێرشەکان بەردەوام بوون و لە کاتژمێر ١٠:٢٠ خوولەک بۆ جاری سێیەم درۆنێکی دیکە لە شوێنی ئاگرەکەیداوە.

لەم هێرشەدا بە گشتی سێ درۆن لە کۆگاکەیان داوە و درۆنێکی دیکەش پێش پێکانی ئامانجەکەی، لە ئاسماندا تەقێندراوەتەوە.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای شوێنی رووداوەکە، پارێزگاری هەولێر وتی، "لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی، داواکراوە لە شوێنی رووداوەکە دووربکەونەوە، چونکە بەهۆی سێ جار بۆردوومانکردن و گەورەیی قەبارەی ئاگرەکەوە، هیچ شتێک لەناو کۆگاکەدا نەماوە نەسوتابێت".

باسی لەوەشکرد، کە بەهۆی مەترسییەکان و نەبوونی هیچ شتێکی رزگارکراو لەناو کۆگاکەدا، لە ئێستادا تیمەکان چاوەڕێ دەکەن ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە.

هەروەها رایگەیاند، سەڕەرای هوشداری بەرگری شارستانی هێزە ئەمنیەکان، داواش لەو هاوڵاتیانە دەکەین کە لە شوێنی رووداوەکە کۆبوونەتەوە، بۆ سەلامەتی و پاراستنی خۆیان لەم شوێنە دوور بکەونەوە.














گەلەری