سەردێڕ:

شاندێکی پارتی سەردانی نوری مالیکییان کرد و پرسی سەرۆک کۆماریان تاوتوێ کرد

PM:10:54:31/03/2026

652 جار خوێندراوەتەوە

شاندێکی باڵای پارتی، سەردانی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایان کرد و گفتوگۆیان کرد لەبارەی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی عێراق.


ئەمڕۆ سێشەممە، ٣١ـی ئازاری ٢٠٢٦، نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە نووسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازیی کرد لە شاندێکی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی.

لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ بارودۆخی ئەمنیی عێراق لە سایەی ئاڵۆزییەکانی ئێستا کرا، هەردوولا پەرەسەندنە سەربازییە خێراکانی ناوچەکەیان خستە بەر باس و تاوتوێی لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی ئەو رووداوانەیان لەسەر دۆخی ناوخۆیی عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی، پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و قایمکردنی بەرەی نیشتمانی بەرامبەر بە هەر پێشهاتێکی دەرەکی کە مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی وڵات دروست بکات.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا باسیان لە کۆمەڵێک دۆسیەی سیاسیی گرنگ کرد کە لە پێشینەی کارەکانن، لە پێش هەمووشیانەوە پرسی شایستە دەستوورییەکان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ جێگیرکردنی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا.













گەلەری