سەردێڕ:

حکومەتی عێراق چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد

PM:06:58:31/03/2026

800 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردرا لەسەر گرێبەستکردن بۆ کڕینی سیستمی بەرگری و هەر پێداویستییەکی تر کە بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵات پێویستن. هەروەها بڕیاردرا کار بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بکرێت لە زووترین کاتدا.


ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ـی ئازاری ٢٠٢٦، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ١٣ـەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێوەبردووە، لە دانیشتنەکەدا باس لە بارودۆخی پەرەسەندنی وڵات کرا.

نوسینگەی سودانی نوسیوویەتی، ئەنجومەنی وەزیران پێداچوونەوەی بە پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە و کاردانەوەکانی شەڕی بەردەوام و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری ناوچەکە و جیهانی کردووە، هەروەها پێداچوونەوەی بە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازی و بنیاتنانی توانا و تەیارکردنی هێزە چەکدارەکان بە کەرەستەی سەردەمیانە کرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران گرێبەستی کڕینی سیستەمی بەرگری پەسەند کرد و هەروەها سەرجەم مەرجە پێویستەکانی بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی پێکهاتەکانی بەرگری ئاسمانی و بەرزکردنەوەی ئەدای کارکردنیان پەسەند کرد، وەک ئەوەی وەزارەتی بەرگری پێشکەشی کردووە.

هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەرکی پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە و سەپاندنی سزای پێویستیان بەسەر بەرێوەبەری بەشە کارگێڕییە پەیوەندیدارەکاندا سپێردراوە کە کەمتەرخەمن لە وەڵامدانەوە لەو ماوەیەی کە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران دیاریی کردووە.

لە تەوەرێکی دیکەدا ئەنجوومەنی وەزیران پێداچوونەوەی بە بارودۆخی تایبەت بە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق کرد بەهۆی شەڕ و دۆخی ئێستای ناوچەکە و گوێیان لە کۆنفرانسێک گرت کە سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی سەبارەت بەو بابەتە پێشکەشکرا و رەزامەندی لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی چڕوپڕ لە نێوان دەسەڵاتە مەدەنی و سەربازییە پەیوەندیدارەکاندا بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و پێشهاتەکانی ناوچە ئاسمانی و فڕۆکەخانە جیاجیاکانی عێراق بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی فڕۆکەوانی مەدەنی لە زووترین کاتدا، هاوکات پابەندبوون بە تەواوی مەرجەکانی سەلامەتی و ئەمنی بۆ گەشتە ئاسمانییەکان.


 













گەلەری