سەردێڕ:

نرخی کارەبای مۆلیدە لە هەولێر و دهۆک دیاریکرا

PM:04:31:31/03/2026

548 جار خوێندراوەتەوە

لە دهۆك بڕیار درا بە كارەبای نیشتیمانی و مۆلیدە ٢٤ كاتژمێر كارەبا بدرێتە هاوڵاتیان و ئەمپێری بە ١٢ هەزار بێت، هاوكات لە هەولێر ئەمپێرێك بە ١٥ هەزار دیاری كراوە بۆ ٣٠٠ كاتژمێر كارەبای مۆلیدە.


ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ـی ئازاری ٢٠٢٦، بە هاوبەشی نێوان لیژنەکانی قایمقامییەتی پارێزگای دهۆک و کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان بڕیاریاندا، کە لەگەڵ بچرانی کارەبای نیشتیمانییدا مۆلیدە ئەهلییەکان، ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە و ٢٤ کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتییان دابین بکرێت.

هاوکات نوێنەری کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی دهۆک، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان وتی، بڕیار دراوە کارەبای گشتیی بە هاوکاری مۆلیدەکان بکرێتە ٢٤ کاتژمێریی، هاوکات نرخی ئەمپێرێکیش زیاتر لە ١٢ هەزار دینار دەبێت.

لە دوای ٢٨ شوبات کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد، کارەبای ٢٤ کاتژمێریی لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا کەمکرایەوە بۆ خوار ١٠ کاتژمێر، لە ئێستاشدا بڕیار دراوە، کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان وەک تەواوکاری کارەبای نیشتیمانیی کاریان پێبکرێت و ٢٤ کاتژمێر کارەبا بدرێتە هاوڵاتییان.

لە لایەکی دیکەوە خۆران تەحسین، سەرۆکی ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر رایگەیاند، "بەهۆی ئەو دۆخەی کە رووی لە کەرتی کارەبای نیشتیمانی کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، مۆلیدە ئەهلییەکان ئەرکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیان لەئەستۆ گرت. لەسەر بنەمای میکانیزمێکی دیاریکراو، سەرەتا ١٠٠ کاتژمێر و دواتر ٢٠٠ کاتژمێری تر بۆ مانگەکە دیاریکرا، کە کۆی گشتی دەکاتە ٣٠٠ کاتژمێر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ناوچانەی کە کاتژمێری پێدانی کارەبایان نەگەیشتووەتە ٣٠٠ کاتژمێر، ئەو کاتژمێرانەی ماون وەک قەرز لای خاوەن مۆلیدەکان دەمێنێتەوە و لە مانگی نیساندا بۆ هاوڵاتییان قەرەبوو دەکرێتەوە.

سەبارەت بە نرخی کارەباش دەڵێت، بۆ ٣٠٠ کاتژمێر کارکردن، بڕی ١٥ هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک دیاری کراوە، ئەمەش بە رەچاوکردنی نرخی سووتەمەنی کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر تێچووەکان هەیە.













گەلەری