سەردێڕ:

وتەبێژی کۆشکی سپی: جەنگی دژ بە ئێران بەرەو قۆناغی کۆتایی دەچێت

PM:09:15:30/03/2026

976 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، جەنگی دژ بە ئێران بەرەو قۆناغی کۆتایی دەچێت و تەنیا چەند هەفتەیەکی کەم لەو چوارچێوە کاتییەی بۆی دیاریکراوە ماوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ـی ئازاری ٢٠٢٦، کارۆلاین لێڤت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، کە چوارچێوەی کاتیی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران هێشتا وەک خۆیەتی و پێشبینی دەکرێت لە نێوان چوار بۆ شەش هەفتە جەنگەکە کۆتایی بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "٧٠٪ـی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێرانمان وێران کردووە و توانای مووشەکی و درۆنەکانی ئەو وڵاتە بە رێژەی ٩٠٪ کەمی کردووە، هەروەها زیاتر لە ١٥٠ کەشتیی جەنگیی ئێرانی بە تەواوی تێکشکێندراون."

لەبارەی دۆخی گەرووی هورمزیش وتی، پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا ٢٠ تانکەری نوێ بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕ بن، بەڵام جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نییە ئێران باج و سەرانە بەسەر کەشتییەکاندا بسەپێنێت.

هاوکات هۆشدارییەکی ئاراستەی تاران کرد و وتی، "ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئێران تاوەکوو رێککەوتن واژۆ بکات، ئەگەر نا رووبەڕووی لێکەوتەی زۆر سەخت دەبنەوە."













گەلەری