کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە شێوەیەکی فەرمی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووکی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ـی ئازاری ٢٠٢٦، عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، کە پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە دەستیپێکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوتەریب لەگەڵ بۆرییەکە، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تانکەر و ڕێگە وشکانییەکانەوە بۆ بەندەری جەیهان بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی تری کۆمپانیاکە و ڕایگەیاند، لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنن بۆ ئەو پێشنیازانەی لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی گواستنەوەی دەریاییەوە پێشکەشکراون. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕێکخستن و زیادکردنی گواستنەوەی نەوتی عێراقە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی باشووری وڵاتەوە.
ئەم دەستپێکردنەوەیە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ زیادکردنی داهاتی نیشتمانی و جێگیرکردنی پێگەی نەوتی عێراق لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەژمار دەکرێت.