سەردێڕ:

سروە عەبدولواحید: جگە لە پارتی ٢٠٠ پەرلەمانتاری سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار

PM:02:06:27/03/2026

644 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، ٢٠٠ پەرلەمانتار واژۆی کۆکردووتەوە بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار جگە لە پارتی کە واژۆیان نەکردووە و نایانەوێت دانیشتن بکرێت.


ئەمڕۆ هەینی ٢٧ـی ئازاری ٢٠٢٦، سروە عەبدولواحید لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس باسی لەوە کرد، ئەم هەڵوێستەی فراکسیۆنی پارتی جێگەی نیگەرانییە، بەو پێیەی وا دیارە پارتی هەوڵی گواستنەوەی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان دەدات بۆ پەرلەمانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمدا بەبێ ئەوەی حکومەت پێکبهێنرێت.

دەشڵێت، ئەم ڕێبازە داوای هەڵوێستێکی ڕوون و تۆکمە دەکات، ناکرێت رێگە بە یەک لایەن بدرێت چارەنووسی خەڵک کۆنتڕۆڵ بکات یان رێگری لە دامودەزگاکانی دەوڵەت بکات. هەوڵە بەردەوامەکان بۆ رێگریکردن لە بانگهێشتکردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار جێگای قبوڵکردن نییە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی دەستپێکردنی پەیوەندییەکانی پارتی بە ئامانجی رێگریکردن لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار.

سروە عەبدولواحید باسی لەوەشکردووە، بۆیە داوای دانیشتنی نائاساییان کردووە، دەسەڵاتی وەڵامدانەوەی ئەم داواکارییە بە سەرۆکی پەرلەمان بدرێت و وادەی دانیشتنەکە رابگەیەنێت، بەمەش بەردەوامی پرۆسە دەستوورییەکان مسۆگەر دەکەن و رێگری لە بەربەستەکانیان دەکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، بەپێی پەیرەوی ناوخۆ دانیشتنی پەرلەمان بە رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی دەبێت بەڵام ئەگەر ٢٠٠ پەرلەمانتار واژۆ کۆبکەنەوە سەرۆکی پەرلەمان بە تەنها ئەو دەسەڵاتەی دەبێت کە دانیشتنەکە بکات.













گەلەری