PM:01:51:27/03/2026
340 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقدەڵێت، هەوڵی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بۆ بڕیاردانی تاکلایەنە لە پرسی جەنگ و ئاشتی دا، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەروەریی دەوڵەت و دەشڵێت، ئەنجامدانی چالاکیی جەنگی لەلایەن ئەم گرووپانەوە پێشێلکردنی دەستوورە.
ئەمڕۆ هەینی ٢٧ـی ئازاری ٢٠٢٦، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق وتی، دەستووری عێراق پرسی راگەیاندنی جەنگی بە وردی رێکخستووە تاوەکو رێگری لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بکرێت و هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی دەوڵەت و پارێزگاریکردن لە سیستمی دیموکراتی دروست بکات و دەشڵێت، ناکرێت ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی تاکلایەنە یان هەڕەمەکی بدرێت.
وتیشی، هەوڵی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بۆ بڕیاردانی تاکلایەنە لە
پرسی جەنگ و ئاشتی دا، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەروەریی دەوڵەت و سەقامگیریی
کۆمەڵگە و دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی یاسایی و ئەمنی.
دەشڵێت، ئەنجامدانی چالاکیی جەنگی لەلایەن ئەم گرووپانەوە پێشێلکردنی
دەستوورە، چونکە ئەم مافە تەنیا بۆ دەسەڵاتە دەستوورییە شەرعییەکانە کە
نوێنەرایەتی ئیرادەی گەل دەکەن و کاتێک گرووپەکان ئەم بڕیارە دەدەن، هەیبەتی
دەوڵەت لاواز دەکەن و بنەمای سەروەریی یاسا پێشێل دەکەن.