هاتووچۆی هەولێر، بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشناسی، هۆشداری دەداتە شوفێران کە لە دوو رۆژی داهاتوودا بەهۆی شەپۆلێکی بارانبارین و دابەزینی پلەکانی گەرما، هاتوچۆکردن لە ناو شار و دەرەوەی شار سەخت دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ـی ئازاری ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، ئاگادارییەک ئاراستەی سەرجەم شوفێرانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکات و تێیدا جەخت لەسەر گرتنەبەری رێکاری پێویست دەکاتەوە لە بەرانبەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە کەشوهەوادا روودەدەن.
بە پێی پێشبینییەکانی کەشناسی، بڕیارە لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، ٢٦ و ٢٧ـی
ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارینی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سنووری پارێزگای
هەولێر (سەنتەری شار و دەوروبەری) بگرێتەوە. ئەم شەپۆلە لەگەڵ خۆیدا دابەزینی بەرچاوی
پلەکانی گەرما دەهێنێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەری زۆر هەیە لە هەندێک لە شەقام
و گەڕەکەکانی ناو شاری هەولێر ئاستی ئاو بەرز ببێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی
ئاستەنگ لەبەردەم هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکاندا.
سەبارەت بە رێگاکانی دەرەوەی شار، هاتووچۆی هەولێر رایگەیاندووە، کە بەهۆی
نالەباری کەشوهەواوە، لێخوڕین لەو رێگایانەدا سەخت دەبێت، هەر بۆیە داوا لە شوفێران
دەکرێت "ئەگەر بۆ کاری زۆر گرنگ و پێویست نەبێت، شەقام و رێگاکان بەکارنەهێنن
تا شەپۆلەکە کۆتایی دێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر جەختی کردووەتەوە، کە پابەندبوونی هاوڵاتییان
بەم رێنماییانە، بۆ دوورکەوتنەوەیە لە هەر رووداوێکی نەخوازراو و پاراستنی گیانی
گشتییە، هیواشی خواستووە هەمووان بە سەلامەتی ئەم شەپۆلە تێپەڕێنن.