سەردێڕ:

سودانی: پشتگیری لە هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ راگرتنی جەنگ

PM:06:04:19/03/2026

532 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییانەدا لەگەڵ سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانیان تاوتوێ کرد و دووپاتی کردەوە، عێراق پشتگیری لە هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی جەنگ دەکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٩ـی ئازاری ٢٠٢٦، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ بە تەلەفۆن قسەیان کرد و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانیان تاوتوێ کرد.

نوسینگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو پەیوەندییەدا سودانی پشتیوانیی تەواوی عێراقی بۆ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی راگرتنی جەنگ و گەڕاندنەوەی سەقامگیری دەربڕیوە و جەختیشی کردەوە، کە پێویستە دیالۆگ بکرێتە جێگرەوەی بژاردە سەربازییەکان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێدراوەکان.

سودانی باسی لەوەشکردووە، پێویستە وڵاتانی ناو هاوپەیمانیی ناتۆ، بە هیچ شیوەیەک بەشداریی لەو جەنگە نەکەن، هەروەها هەموو هەوڵێکیان بخەنەگەڕ بۆ پاڵپشتی دیالۆگ و دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق پابەندبوونی عێراقی بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان دووپات کردەوە و رایگەیاند، حکومەت بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی تر رەت دەکاتەوە.

لە بەرامبەردا مارک رووتە ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ پاراستنی نێردەکان و جەختی لە هاوبەشیی بنیاتنەرانەی نێوان ناتۆ و عێراق کردەوە.













گەلەری