بەهۆی هێرشەکەی سەر ناوەندی پیشەسازی لە قەتەر و پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی گاز لە ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٩ـی ئازاری ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، بەهۆی ئەو هێرشە نوێیانەی کراونەتە سەر ژێرخانی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی بەئامانجگرتنی دامەزراوەی سەرەکیی گازی رەئس لەفان لە قەتەر، نرخی گاز لە بازاڕەکانی ئەوروپا بە رێژەی ٣٥٪ بەرزبووەوە.
بەپێی هەواڵەکەی
ئاژانسی فرانس پرێس، نرخی گرێبەستەکانی گازی سروشتیی هۆڵەندی(TTF)، وەک پێوەرێکی سەرەکیی بازاڕەکانی ئەوروپا
دادەنرێت، بۆ ٧٤ یۆرۆ بەرزبووەوە، پێش ئەوەی دواتر کەمێک لەو نرخە پاشەکشە بکات.
ئەم پێشهاتە و
شڵەژانەی بازاڕی وزە راستەوخۆ دوای ئەوە دێت هێرشەکانی ئێران زیانێکی گەورەیان بە
ناوچەی پیشەسازیی رەئس لەفان گەیاندووە، ناوچەکە بە گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنان
و هەناردەکردنی گاز لەسەر ئاستی جیهان هەژمار دەکرێت.
ئێوارەی رۆژی
چوارشەممە، ١٨ـی ئازاری ٢٠٢٦، ئێران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنیی کردە سەر ژێرخانی
وزەی وڵاتانی کەنداو، دیارترینیان ناوەندی پیشەسازیی "رەئس لەفان" بوو لە
قەتەر، کە گەورەترین وێستگەی هەناردەکردنی گازی سروشتیی شلکراوەیە (LNG)لە جیهاندا.
شارەزایانی
ئابووری ئاماژەیان بەوە دا، ئەوروپا دوای جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بەشێکی زۆری
پشتبەستنی بۆ دابینکردنی گاز خستووەتە سەر قەتەر و ئەمریکا، بۆیە هەر وەستانێک لە
بەرهەمهێنانی گازی قەتەر راستەوخۆ کار دەکاتە سەر ئاسایشی وزەی وڵاتانی ئەوروپا.