هاتوچۆی سلێمانی بەبۆنەی هاتنی جەژنەوە، چەند رێنمایی و بڕیاری نوێی بۆ پاراستنی سەلامەتی شۆفێران و هاوڵاتییان راگەیاند، داواش دەکات بە هیچ شێوەیەک مۆبایل لە کاتی شۆفێریدا بەکار نەهێنن و دایکان و باوکانیش سویچ نەدەنە دەست ئەو منداڵانەیان کە مۆڵەتی شۆفێرییان نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ـی ئازاری ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی هۆشداری دەداتە شۆفێران؛ جەختیش دەکاتەوە کە مەفرەزەکانیان لە تەواوی شار و سەیرانگاکان بڵاوەیان پێدەکرێت و کامێراکانی چاودێری خێراییش وەک رۆژانی ئاسایی لە کارکردن بەردەوام دەبن.
ئاماژە بەوەش
کراوە، بەهۆی زیادبوونی هاتوچۆی منداڵان لە کۆڵانەکاندا لە رۆژانی جەژندا، پێویستە
شۆفێران بە وریاییەکی زۆرترەوە لێبخوڕن.
لە راگەیەندراوەکەدا
هاتووە، بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی شۆفێریدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و پێویستە
شۆفێران و سەرنشینان پابەندی بەستنی قایشی سەلامەتی بن. سەبارەت بە ماتۆڕسکیلەکانیش،
جەختکراوەتەوە کە دەبێت کڵاوی پارێزەر بەکاربهێنن و دووربکەونەوە لە هەر جۆرە سەرکێشی
و بێزارکردنی هاوڵاتییان.
هاتوچۆی سلێمانی
هۆشداری دەداتە شۆفێرانی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل کە سەرخستنی منداڵ لە بەشی پشتەوەی
ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل قەدەغەیە و هەر سەرپێچییەک ببێتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی، هەروەها،
کامێراکانی چاودێری خێرایی وەک رۆژانی ئاسایی لە ناو شار و دەرەوەی شارەکاندا بەردەوام
دەبن لە تۆمارکردنی سەرپێچییەکان.
لە بڕیارێکی دیکەدا
هاتووە، لە رۆژانی (٢١ و ٢٢ و ٢٣)ـی مانگدا، هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ
ناو سەنتەری دوکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. هاتوچۆی سلێمانی داواش لە شۆفێران دەکات
لە کاتی هەر حاڵەتێکی پێویستدا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٨٨)ـەوە بکەن.