سەردێڕ:

سودانی داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکات

PM:07:42:18/03/2026

852 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا، جەختی لە گرنگیی دەسپێشخەرییەکەی عێراق کردەوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دیپلۆماسی بە مەبەستی راگرتنی جەنگ و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ـی ئازاری ٢٠٢٦، نوسینگەی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سودانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی بەردەوامیی ململانێکان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کران.

سەرۆک وەزیران ستایشی هەڵوێستی ئیتاڵیای کرد بۆ بەشدارینەکردنی لەو جەنگەی سێبەری بەسەر وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەت عێراقدا کێشاوە.

هاوکات، جارێکی دیکە ئیدانەی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و نێردە دیپلۆماسییەکانی کرد و رایگەیاند، عێراق بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی سەقامگیری و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان لە رێگەی گفتوگۆوە.

سودانی ئاماژەی بە پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و راگرتنی دەستبەجێی هەر هێرشێکی سەربازی.

هەروەها جەختی لە گرنگیی پشتگیریکردنی دەسپێشخەریی عێراق کردەوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دیپلۆماسی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ و لابردنی ئەو هەڕەشانەی دەبنە رێگر لەبەردەم گەشەی ئابووری و ئاوەدانی لە ناوچەکەدا.













گەلەری