لە سنووری پارێزگای ئەنبار، بەهۆی هێرشکردنەسەر خاڵێکی پشکنینی گروپە چەکدارەکانی عێراق، شەش کەس کوژران و چوارى دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ـی ئازاری ٢٠٢٦، بەرپرسێکی ئەمنی بە ئاژانسى هەواڵى ئەى ئێف پى راگەیاندووە، لە هێرشەکەدا لانیکەم شەش ئەندامی حەشدی شەعبی کوژاون و ژمارەیەک چەکداری دیکەش برینداربوون، دەوترێت هێرشەکە لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجامدراوە.
چەند بەرپرسێکی ئەمنیش ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو خاڵی پشکنینەی لێیدراوە، ئەندامانی حەشدی شەعبی و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی ئەنبار و پۆلیسی فیدراڵی تێدا بوون.
بەپێی میدیا عێراقییەکان هێرشەکە لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە کراوەتە سەر ئەو خاڵە پشکنینەی حەشدی شەعبی، کە لە سەرەتای داخڵبوونی شارۆچکەی قائیم لە پارێزگای ئەنبارە و بنکەکە بە شەهید حەیدەر ناسراوە و هاوسنووری سووریایە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٢ـی ئەم مانگەش هێرشێکی ئاسمانیی تووند کرایە سەر سێ پێگەى لیوای ١٩ـی حەشدی شەعبی لە نزیک شارۆچکەی قائیم لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و هاوسنووری سووریا و بەهۆیەوە لانیکەم ٢٠ چەکدار کوژران و دەیانی دیکە برینداربوون و ڕووداوەکەش نیگەرانی و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.