سەردێڕ:

کونسوڵگەری ئێران: کارەساتی هەڵەبجە زەنگێکە بۆ ویژدانی نوستووی مرۆڤایەتی

PM:05:13:16/03/2026

1088 جار خوێندراوەتەوە

کونسوڵگەری ئێران لە شاری سلێمانی، بەبۆنەی ٣٨ەمین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو رووداوە یەکێکە لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخ کە تێیدا بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی بەعسی پێشووەوە، هەزاران مرۆڤی بێتاوان لە ژن، پیاو، منداڵ و بەساڵاچوو گیانیان لەدەستدا.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ـی ئازاری ٢٠٢٦، لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنسوڵگه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران وتی، "لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی بەعسی پێشووەوە، هەزاران مرۆڤی بێتاوان لە ژن، پیاو، منداڵ و بەساڵاچوو گیانیان لەدەستدا و شارێکی پڕ لە ژیان لە چەند کاتژمێرێکدا بووە وێنەیەکی پڕ لە ئازار و زوڵم.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کونسوڵگەری ئێران هاوخەمی و پشتیوانی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیان و خەڵکی هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

باس لەوەش دەکات، "کارەساتی غەمناکی هەڵەبجە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ ویژدانی نوستووی مرۆڤایەتی، تاوەکو رێگە نەدرێت هەرگیز کردەوەی نامرۆڤانەی لەو شێوەیە دووبارە ببنەوە."

لە کۆتایی پەیامەکەشدا، جەخت لەسەر پێویستی پابەندبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بنەما مرۆییەکان کراوەتەوە و هیوای خواستووە یادکردنەوەی قوربانیانی بێتاوانی هەڵەبجە ببێتە هاندەرێک بۆ خەباتی زیاتر لەپێناو بنیاتنانی جیهانێکی دوور لە توندوتیژی و چەکی کۆمەڵکوژ، هەروەها هێنانەکایەی داهاتوویەکی پڕ لە ئاشتی، پێکەوەژیان و رێزی قبوڵکراو بۆ هەموو نەتەوەکان.













گەلەری