وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، بەبێ ئەوەی بە بۆری هەرێمی کوردستاندا تێپەڕێت، دەست بە هەناردەكردنی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەکات و دەشڵێت، ئەم بۆرییە کە توانای ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەیە، لە ئێستادا لە ژێر پشکنینی کۆتاییدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ـی ئازاری ٢٠٢٦، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا وتی، کە بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی عێراق نزیکەی ٤.٤ ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا بەپێی ئەو پشکەی لەلایەن رێکخراوی "ئۆپیک"ەوە دیاریکراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان
لە کەنداو و داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی راوەستانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق
دوای چەند رۆژێک لە هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکەدا.
ئەوەشی خستەڕوو
کە عێراق پێشتر ڕۆژانە نزیکەی ٣.٤ ملیۆن بەرمیلی لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە
هەناردەدەکرد، کە دیارترینیان بەندەری نەوتی بەسرەیە، بەڵام داخستنی گەرووەکە
وەزارەتی نەوتی ناچار کردووە بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان کەم بکاتەوە، بە
جۆرێک بەرهەمهێنانی ئێستا لە نێوان ١.٥ بۆ ١.٦ ملیۆن بەرمیلدایە لە رۆژێکدا بۆ
پڕکردنەوەی پێداویستیی پاڵاوگەکان و وێستگەکانی کارەبا
ڕوونیشیکردەوە
کە پاڵاوگەکان لە ئێستادا بە ئەوپەڕی توانای دیزاینکراوی خۆیان کار دەکەن بۆ
دابینکردنی بەرهەمە نەوتییە سپییەکان، لەوانە بەنزین و دیزل و کیرۆسین، جگە لە
غازی شلی "LPG" کە داخوازی ناوخۆیی پڕ دەکاتەوە، لەگەڵ هێشتنەوەی
بەشێکی وەک خەزێنەی فریاگوزاری.
وتیشی،
بەکاربردنی ڕۆژانەی غازی چێشت لێنان نزیکەی شەش هەزار تۆنە، لەکاتێکدا کۆمپانیای
غازی باشوور بە هاوکاری کۆمپانیای "شێڵ" نزیکەی چوار هەزار تۆنی زیادە
بەرهەم دەهێنێت، جگە لە وەبەرهێنانی غازی هاوپێچ لە چەند کێڵگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی
نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن پێ سێجا غازی وشک و بڕێک لە غازی چێشت لێنان لە ڕۆژێکدا.
باسی لەوەشکرد،
پاڵاوگە عێراقییەکان ڕۆژانە لە نێوان هەزار و ٤٠٠ بۆ هەزار و ٥٠٠ تۆن غازی شل
بەرهەم دەهێنن، جگە لە ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ تۆن لە غازی باکوور، لەگەڵ هەبوونی خەزێنەیەکی
ستراتیژی کە لە ژێر زەویدا زیاتر لە ٥٠ هەزار تۆنە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا
بەکاربهێنرێت.