سەردێڕ:

کاوە عەبدولقادر: رێگریکردنی هەرێم لە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ تورکیا هەڵەیە

PM:11:07:15/03/2026

864 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، رێگریکردنی هەرێم لە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ تورکیا لەلایەن حکومەتی عێراق کارێکی هەڵەیە و بە ئەگەری زۆر دەبێتە هۆکاری راگرتن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ـی ئازاری ٢٠٢٦، کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق وتی، لەم بارودۆخە کە هەناردەکردنی نەوتی عێراق وەک سەرچاوەی سەرەکی داهات بۆ دەرەوە بەتەواوی وەستاوە و هەرێمیش (٢٠٠) هەزار بەرمیلەکەی ڕاگرتوە، نەدەبوو هەرێم رێگری بکات لە هەناردەکردنی (٣٠٠) هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لەڕێگای بۆڕی بۆ بەندەری جەیهان .

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕاستی ئەوەی بەرپرسانی هەرێم دەیکەن یاریکردنە بەقوتی خەڵکی کوردستان و پێویستە خۆیان بەرپرسیاریەتە هەڵبگرن.

ئەوەشی وتووە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەلایەک (٢٠٠) هەزار بەرمیلەکەی راگرتووەو لەلایەکیش دەڵێن ئەم مانگە ناتوانین (١٢٠) ملیاردینار بدەین بە بەغدا بەهۆی ئەم دۆخە داهاتمان نیە و لەلایەکیش رێگا نادەن بەغدا لەڕێگای بۆڕی نەوتی کەرکوک هەناردەی دەرەوە بکات ئەی چۆن داوای نزیکەی ترلیۆنێک دینار لە بەغدا دەکەن بۆ مووچە؟.

بە گوێرەی پێشبینیەکان ئەم دۆخە چەند هەفتەیەکی تر تێدەپەڕێت بەڵام ئەم بڕیارەی هەرێم لێکەوتەی خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا و چارەنووسی رێکەوتنەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.













گەلەری