PM:08:54:15/03/2026
736 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەستی بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانە کرد کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە لە چەند وڵاتێکی دەرەوە گیریانخواردبوو و یەکەم کاروانیشیان بە سەلامەتی گەیشتنەوە ناوخۆی وڵات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ـی ئازاری ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە توانیویانە یەکەم کاروانی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لە وڵاتی میسڕ گیریان خواردبوو، بە سەرکەوتوویی و لە رێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەری سعودییەوە بگەڕێننەوە بۆ ناوخۆی وڵات.
لە بەشێکی دیکەی
راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئێستادا ئامادەکاریی
تەواو دەکرێت بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەش بگەڕێندرێنەوە
کە لە وڵاتی هیندستان گیریان خواردووە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە بە مەبەستی وەرگرتنی
چارەسەری پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتەیان کردبوو، هەر لەم چوارچێوەیەشدا
وەزارەتەکە لە پەیوەندیی بەردەوامدایە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییانەشی کە لە
لوبنان ماونەتەوە و هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی وڵاتی ئوردنەوە بیانگوازنەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا،
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پابەندبوونی تەواوی خۆی دووپاتکردەوە بەوەی کە هەموو هەوڵێکی
پێویست دەدات بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو هاوڵاتییانەی عێراق کە لە دەرەوەی وڵات
ماونەتەوە، ئەمەش بە هەماهەنگیی تەواو و کاری هاوبەش لەگەڵ سەرجەم دەزگا و لایەنە
پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا ئەنجام دەدرێت.