سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: بە توندی هەر هێرشێک رەتدەکەینەوە کە کونسوڵگەرییەکان دەکاتە ئامانج

AM:08:25:15/03/2026

804 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "هەر هێرشێک رەتدەکەینەوە کە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکان لە عێراق دەکاتە ئامانج، لێکۆڵینەوە لەو هێرشانە دەستیپێكردووە و رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر".


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ـی ئازاری ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بە توندی هەر هێرشێک رەتدەکەنەوە کە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکان بکاتە ئامانج، کە لەسەر خاکی عێراق کاردەکەن، جەختی لەوەکردەوە حکومەتی عێراق پابەندە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی سەرجەم نوێنەرایەتییە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکان و کارمەندەکانیان، بەپێی بڕگەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنە پەیوەندیدارەکان.

باسی لەوەشکرد، لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ڕێنمایی سەرۆک وەزیران دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە هەندێک لەو هێرشانەی کە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکانیانی کردووەتە ئامانج و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەخرێنە بەردەم دەسەڵاتە باڵاکان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست.

روونیکردەوە، بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها حکومەت و هێزە ئەمنییەکان نەرمی نانوێنن بەرامبەر بە هیچ کردەوەیەکی توندوتیژی یان هێرشێک کە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان بکاتە ئامانج.













گەلەری