سەردێڕ:

کۆمپانیایەکی فەرەنسی بەرهەمهێنانی نەوتی لە عێراق و قەتەڕ راگرت

PM:11:24:12/03/2026

840 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی رایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکە و پەککەوتنی گواستنەوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرهەمهێنانیان لە قەتەر، عێراق و کێڵگە دەریاییەکانی ئیمارات راگرت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ـی ئازاری ٢٠٢٦، کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەرەنسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ وەبەرهێنەران رایگەیاند، بەرهەمهێنان لە قەتەر، عێراق و کێڵگە دەریاییەکانی ئیمارات راگیراوە، کە نزیکەی ١٥٪ تێکڕای بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە پێکدەهێنن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت زیانەکان سنووردار بن، چونکە ئەو بەرمیلە نەوتانەی لەم ناوچانە بەرهەم دەهێنرێن، بەهۆی باجی زۆرەوە داهاتێکی (کاش فلۆ) کەمتریان بۆ کۆمپانیاکە هەبووە، بە جۆرێک ئەو ١٥٪ قەبارەی بەرهەمهێنانە تەنها ١٠٪ داهاتی نەوتی کۆمپانیاکە پێکدەهێنێت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا دەتوانێت زیانی ئەو راگرتنە قەرەبوو بکاتەوە.

کۆمپانیاکە روونیشیکردەوە کە بەرهەمهێنانی وشکانی لە ئیمارات نزیکەی ٢١٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا نەکەوتووەتە ژێر کاریگەریی ململانێکان، چونکە لە رێگەی بەندەری فۆجەیرەوە هەناردە دەکرێت.

تۆتاڵ ئێنێرجی جەختیشی کردەوە کە کاتژمێر بە کاتژمێر چاودێری پەرەسەندنی بارودۆخی مەیدانی دەکەن و لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا زانیاری نوێ بڵاودەکەنەوە.













گەلەری