سەردێڕ:

دابەشکردنی بەشە ئاردی دووەمی ئەمساڵ دەستپێدەکات

PM:08:08:12/03/2026

688 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ئاشکرایدەکات، هەفتەی داهاتوو بەشەئاردی دووەمی ئەمساڵ دابەش دەكرێت. دەشڵێت، پێش دابەشکردنی ئاردەکە تاقی دەکرێتەوە و ئەگەر باش نەبێت دابەش ناکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ـی ئازاری ٢٠٢٦، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم رایگەیاند، "دەست بە دابەشكردنی بەشەئاردی دووەمی ئەمساڵ دەكرێت و گەنم نێردراوە بۆ ئاشەکان، گەنمەكەش بەرهەمی گەنمی هەرێمی كوردستانە و خۆماڵییە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمڕۆ لیستی بریكارەكانی ئارد دابەشكراوە و هەفتەی داهاتوو ئارد دەگاتە لای بریكارەكان و دابەشی سەر هاووڵاتییان دەكرێت".

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لەبەشەخۆراكی مانگانەدا بۆ هەر كەسێك نۆ كیلۆ ئارد دەدرێت.

وتیشی، "پێش دابەشكردنی ئاردەكە بە دوو شێواز تاقی دەكرێتەوە، نانێکی جوانی لێ دروست نەكرێت دابەش ناكرێت، بۆیه‌ دڵنیایی ده‌ده‌ن ئاردێک باش نەبێت دابەش ناکرێت".

بەگشتی، هەرێمی كوردستان بۆ بەشەخۆراكی مانگانە، ساڵانە پێویستی بە نزیكەی ٦٥٠ هەزار تەن ئارد دەبێت.













گەلەری