سەردێڕ:

هەنگاوی نوێی وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسى وزەی نێودەوڵەتی بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت

PM:09:02:11/03/2026

684 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتیی رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسەکە، ٤٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگەکانیان دەخەنە بازاڕەوە، ئەمە گەورەترین ئازادکردنی لەو جۆرەی یەدەگی نەوتە تاوەکو ئێستا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران کرابێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ـی ئازاری ٢٠٢٦، فاتیح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد، "ئەو ئاڵنگارییانەى بازاڕی نەوت رووبەڕوومان دەبێتەوە لە قەبارەدا بێ وێنەن، بۆیە زۆر دڵخۆشم وڵاتانی ئەندامی ئاژانسەکە رازیبوون ٤٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتى خاو بخرێتە بازاڕەکانەوە".

پێش بڕیارەکەى ئاژانسى نێودەوڵەتیی وزە، وەزیرانی وزەی گرووپی ٧ رایانگەیاند، کە ئامادەن بۆ گرتنەبەری "هەموو رێوشوێنێکی پێویست" بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بەهۆی جەنگەوە.

هاوکات رۆلاند لێسکۆر، وەزیری دارایی فەرەنسا وتی، "پێویستە پەیامێکی زۆر روون بنێرین، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر نەتوانین گەرووی هوورمز بکەینەوە، ئەوا بە نەوتی دیکە دەیگۆڕین کە لە شوێنەکانی دیکەوە دێت و لە سەرانسەری جیهاندا دەسوڕێتەوە".

وڵاتانی ئەندامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە زیاتر لە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن بەرمیل پشکی نەوتی فریاگوزاریی گشتییان لەبەردەستدایە، لەگەڵ ٦٠٠ ملیۆن بەرمیل پشکی پیشەسازی دیکە کە بۆ دۆخی کارەساتبار و فریاگوزاریی هەڵگیراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەى ١٢ رۆژە هێرشی هاوبەشى ئیسڕائیل و ئەمریکا بۆسەر ئێران دەستى پێکردووەو لە یەکەم رۆژى شەڕەکەوە ئێران گەرووى هوورمزى بەڕووى کەشتییەکاندا داخستووەو ئەوەش نرخى وزەى لە جیهاندا بەڕێژەى ٢٠٪ بەرزکردووەتەوە.













گەلەری