سەردێڕ:

سودانی: رێگە نادەین ئاسمان و خاکی عێراق بۆ ململانێکان بەکار بهێندرێت

PM:07:37:03/03/2026

528 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، "حکومەت بە توندی و بە هەموو هێزییەوە رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبێتەوە کە ئامانجی تێوەگلاندنی عێراق بێت لە ململانێکاندا، چونکە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوەن."


ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ـی ئازاری ٢٠٢٦، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە میانەی سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، جەختی کردەوە کە "تەنیا دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانی مافی بڕیاردانیان هەیە لەسەر پرسەکانی جەنگ و ئاشتیدا."

هاوکات سودانی هۆشداریی دایە هەر لایەنێک کە هەوڵ بدات عێراق بەرەو ناو ئاگر و ململانێکان رابکێشێت و وتی، "حکومەت بە توندی و بە هەموو هێزییەوە رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبێتەوە کە ئامانجی تێوەگلاندنی عێراق بێت لە ململانێکاندا، چونکە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوەن."

هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق، پابەندبوونی حکومەتەکەی بە پاراستنی سەروەریی وڵات دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، رێگە نادرێت ئاسمان، خاک و ئاوەکانی عێراق بکرێنە گۆڕەپان یان ڕێڕەوێک بۆ ململانێیە هەرێمییەکان.

لەبارەی ئاسایشی ناوخۆشەوە، سودانی روونی کردەوە،"هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هەموو پێکهاتە و جۆرەکانیانەوە، پابەندن بە ئەرکە یاساییەکانیان لە پاراستنی موڵکی گشتی و تایبەت، هەروەها دابینکردنی پاراستنی تەواو بۆ باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە وڵاتدا."













گەلەری