سەردێڕ:

١٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی تێپەڕی

ئۆفیسی سەرەکی کەناڵی NRT لە سلێمانی
AM:10:32:17/02/2026

960 جار خوێندراوەتەوە

١٥ ساڵ لەمەپێش و لە رۆژی ١٧ـی شوباتی ٢٠١١ـدا، ئێن ئاڕ تی وەک یەکەم کەناڵی ئەهلی بێلایەن دەستی بە پەخشکرد و ئێستاش سەرەڕای رووبەڕووبوونەوەی چەندان جار سوتان و داخستن و فشار بە دروشمەکانی "راستگۆیی، هاوسەنگیی، بوێریی" بەردەوامە لە گەیاندنی دەنگی خەڵک.


ئێن ئاڕ تی ساڵی ٢٠١٠ بیرۆکە و رێکارەکانی دامەزراندنی دەستیپێکرد، رووداوی خۆپیشاندانەکانی ١٧ـی شوبات پەخشی کەناڵەی پێشخست و لە ١٧ـی شوباتی ساڵی ٢٠١١ و لەگەڵ دەستپێکی خۆپێشاندانەکان دەستی بە پەخشکرد.

 

سات بە سات رووماڵی خۆپیشاندانەکانی دەکرد، لە ماوەی تەنها سێ رۆژدا بووە کەناڵی یەکەم و پڕبینەرترین کەناڵ و وەک خۆی وێنەی خۆپیشاندانەکان و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی دەگواستەوە و هەموو بۆچوونەکانی دەخستەروو.

ئەوکات هیچ کام لە کەناڵەکان روماڵی خۆپیشاندانەکەیان نەکرد لەکاتێکدا لە شاری سلێمانی شەهید و بریندار هەبوو، هەربۆیە ئێن ئاڕ تی بە دەستپێکەکەی بووە کەناڵی خەڵک و گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی.


فشارەکانی سەر ئێن ئاڕ تی

لە ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١دا و لەگەڵ دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ئەو ساڵەدا، ئێن ئاڕ تی دەستی بە پەخشکردن و سات بە سات رووماڵی خۆپیشاندانەکانی دەرکرد. لە یەکەم هەوڵەکانیش بۆ بێدەنگکردنی کەناڵەکەدا، تەنها سێ رۆژ لە دوای پەخشەکەی و لە رۆژی ٢٠ی شوباتدا، چەند چەکدارێک بە دەمامکەوە هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسی سەرەکی کەناڵەکە لە گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی و ئاگریان بەردایە باڵەخانەکە و پاسەوانێکیشیان بریندار کرد.

هەر لە هەمان رۆژدا لەسەر شاشەی کەناڵەکە نووسرا:

"بەرەبەیانی ٢٠ـی شوباتی ٢٠١١ کۆمەڵێک چەکداری دەمامکدار هەڵیانکوتایە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی و ئاگریان بەردایە بینای کەناڵەکە و سەرجەم ئامێر و کەلوپەلەکانیشیان گوللـەباران کرد"

ئێن ئاڕ تی دوای دوو مانگ لەو رووداوە دەستی بە پەخشی ئاسایی خۆی کردەوە بە هەمان دروشمەکان و لە ناو هاوڵاتییانەوە دەنگ و رەنگیان بوو و لە ٢٦ی ١٠ی هەمان ساڵ بە تەواوی بنیاد نرایەوە.

دوای دوو ساڵ لە شوباتی ٢٠١٣ بە بۆمب هێرشکرایە سەر کەناڵەکە و لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵیشدا تەقە لە شاسوار عەبدولواحید خاوەنی ئەو کاتەی کەناڵەکە کرا و بریندار کرا.

دوای دوو ساڵی دیکە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥دا نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە شارەکانی هەولێر و دهۆک بۆماوەی چەند مانگێک داخران و کارمەندانیشیان ئاودیوی دێگەڵە کران.

لە ساڵی ٢٠١٦ شدا و لە سەروبەندی شەڕی دژی داعشدا بە بیانووی جۆراوجۆر ڕوماڵی‌ بەرەکانی‌ جەنگ و کارو چالاکی دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم لە ئێن ئاڕ تی‌ قەدەغە کرا و ئەوەش پێچەوانەی‌ یاسای ژمارە ٣٥ی ڕۆژنامەگەری هەرێم بوو، کە جەختدەکاتەوە لەسەر ئازادی کاری میدیا و ڕادەربڕین بەبێ بوونی هیچ سانسۆرێک.

سەرەڕای رێگرییەکانی ساڵانی رابردووی لە پەخش و رووماڵ و گەیاندنی زانیارییەکان، لە ساڵی ٢٠١٧شدا چەندین جار رێگری لە تیمەکانی ئێن ئاڕ تی کرا لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم.

ڕۆژی ٢٨ی ئاب پەخشی ناوخۆیی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی یەک هەفتە ڕاگیرا، لە سەرەتای مانگی ئەیلول تابلۆی نووسینگەی ئێن ئاڕ تی لە شاری دهۆک لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە دڕێندرا و ئۆفیسی پێشووی‌ کەناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ لە گەڕەکی‌ عەنکاوەی هەولێر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە زەوتکرا.

ڕۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەمیش لە پەخشی راستەوخۆدا و لەناو بینای پەرلەمان هێرش کرایە سەر تیمی ئێن ئاڕ تی، پەیامنێرەکەی بریندار کرا و کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیشی شکێنرا، دواتر هێرشکرایە سەر نوسینگەکانی‌ هەولێر و دهۆکی ئێن ئاڕ تی و بەشێک لە کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیان شکێنران و بەشێکی دیکەشیان تاڵانکران. تەنها لە نوسینگەی‌ هەولێر بەبڕی ملیۆنێک دۆلار زیان بە کەناڵەکە گەیشت.

ئێوارەی‌ ١٩ی مانگی کانونی یەکەمی هەمان ساڵ هێزێكی ئەمنی یەکێتی هەڵیانکوتایە سه‌ر ئۆفیسی سه‌ره‌كی دامه‌زراوه‌ی میدیایی نالیا له ‌سلێمانی و پەخشی هەر سێ کەناڵی‌ ئاسمانی "NRT, NRT2, NRT Arabic"یان راگرت و بۆ ماوەی‌ کاتژمێرێک تەواوی کارمەندانی‌ ئۆفیسی‌ سەرەکی دەستبەسەرکران، ئەمە سەرەڕای‌ شکاندنی‌ بەشێک لە کەلوپەلەکانی‌ دامەزراوە میدیاییەکە و بردنی‌ بەشێکی‌ کەلوپەلە تەکنیکییەکانی‌ پەخشکردن.

جگە لە سوتان و دووجار داخستنى ئۆفیسى سەرەکى، هەریەک لە نوسینگەکانى هەولێر و دهۆک و بەغداش ١٢ جار داخراون و زیان بەر کەلوپەلە میدیاییەکانیان کەوتووە، کە بە چەندین ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و تا ئێستاش کەناڵەکە قەرەبوو نەکراوەتەوە، ئەمە جگە لە دروستکردنى گرفت بۆ کەناڵە تایبەتمەندەکانى دیکەى.

هەر لە ساڵی ٢٠٢٠یشدا جارێکی دیکە نووسینگەکانی سلێمانی و دهۆک و هەولێر رووبەڕووی داخستن بوونەوە و چەندین کارمەند و پەیامنێریشی رووبەڕووی دەستگیرکردن بوونەوە.

ئەو هێرش و پەلامارانەی لە سەرەتای پەخشەوە تا ئێستا کراونەتە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەلایەن سەندیکا و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە رۆژنامەنوسان ئیدانە کراون. ئەو پێشێلکارییانەى لە ماوەی ١٤ ساڵى کارکردنى ئێن ئاڕ تی دا، بەرامبەر کارمەند و ڕۆژنامەنووسەکانی کراون، پێچەوانەی یاساکانى کارى رۆژنامەنووسی بوون لە هەرێم و عێراق، بەڵام تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەى ئەو هەڕەشە و پێشێلکارییانەوە نەکراوە و دۆسیەی سوتانی کەناڵەکەش بێ ئەنجام و بۆ هەمیشە داخرا.

ئێن ئاڕ تی سەرەڕای فشارە بەردەوامەکان، کەناڵی هەموو رەنگەکانە و کاریگەرتر و بەهێزتر، بە هەمان دروشمەکانی خۆی بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی دەنگی هاوڵاتییان.


 













گەلەری