بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەكانی بینینی مانگ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم، چاودێریی بینینی مانگ بكەن و یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاری بكەن.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ـی شوباتی ٢٠٢٦، بەمەبەستی چاودێریكردن و دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە.
باسی لەوەشکرد،
دوای کۆبوونەوەکە لیژنەی باڵا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆتا بڕیار ئاشكرا دەكات،
ئەگەر ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە مانگ بینرا، ئەوا چوارشەممە دەبێتە یەكەم رۆژی مانگی
رەمەزان، بەڵام ئەگەر مانگ نەبینرا، ئەوا چوارشەممە دەبێتە تەواوكەری مانگی شەعبان
و رۆژی پێنجشەممە دەبێتە یەكەم رۆژی رەمەزان.
هاوکات ئەو وڵاتانەی
كە پشت بە زانستی فەلەكناسی دەبەستن رایانگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە یەكەم رۆژی
مانگی رەمەزانە.
چەند وڵاتێكیش پێشتر
وتوویانە رۆژی سێشەممە مانگ لە هیچ وڵاتێكی ئیسلامی و تەنانەت هەردوو كیشوەری ئەمەریكاش
نابینرێت، بۆیە رۆژی پێنجشەممە دەبێتە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان.