سەردێڕ:

لە سعودیە؛ بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیی نوێژی مزگەوتەکان لە رەمەزاندا قەدەغەکرا

AM:08:21:17/02/2026

820 جار خوێندراوەتەوە

سعودیە چەند رێنماییەکی بۆ مانگی رەمەزان دەرکرد و رایگەیاند، تۆمارکردنی ڤیدیۆ و وێنەگرتنی پێشنوێژ و نوێژخوێنان قەدەغەیە و کامێراکان تەنها بۆ مەبەستی ئەمنی و رێکخستنن.


عەبدوللـەتیف ئال شێخ، وەزیری کاروباری ئیسلامیی سعوودیە، چەند رێنمایی نوێی بۆ ڕێکخستنی مزگەوتەکان لە مانگی رەمەزاندا دەرکرد، گرنگترین بڕیار، قەدەغەکردنی وێنەگرتنی پێشنوێژ و نوێژخوێنانە لە کاتی ئەنجامدانی نوێژەکاندا.

وەزیر جەختی کردەوە کە کامێراکان تەنیا بۆ مەبەستی ئەمنی و رێکخستنن، نەک بۆ بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی و خۆدەرخستن (ریا) لە سۆشیاڵمیدیادا.

هەروەها رێنماییەکان جەخت لە پابەندبوونی تەواو بە کاتەکانی بانگ بەپێی ڕۆژژمێری "ئومولقورا" دەکەنەوە و بڕیار دراوە ماوەی نێوان بانگ و قامەت بۆ نوێژەکانی بەیانی و مەغریب تەنیا ١٥ خولەک بێت بۆ ئاسانکاریی نوێژکەران. هاوکات داوا لە پێشنوێژەکان کراوە لە نوێژەکانی تەراویح و قیامدا درێژدادڕێت نەکەن تا نوێژخوێنان تووشی ماندووبوونی زۆر نەبن.

وەزارەتی کاروباری ئیسلامی، تیمی چاودێریی راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی ئەم بڕیارانە و رایگەیاندووە کە هیچ کەمتەرخەمییەک قبووڵ ناکرێت، بە ئامانجی پاراستنی کەشێکی ئارام و پڕ لە خوداپەرستی لە مزگەوتەکاندا.













گەلەری