سەردێڕ:

دەوامی فەرمانبەران بۆ مانگی رەمەزان کەمکرایەوە

PM:02:21:12/02/2026

4528 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە هاتنى مانگى پیرۆزى رەمەزان ئەنجامدرا و یەکەم بڕیار کە درا کەمکردنەوەی یەک کاتژمێر دەوامی فەرمییە لە دام و دەزگا و فەرمانگەکانی حکومەت لە سنووری هەولێر، کە لە کاتژمێر ٩ـی بەیانی دەستپێدەکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ـی شوباتی ٢٠٢٦، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وتی، لە دیوانی پارێزگا سەبارەت بەهاتنى مانگى پیرۆزى رەمەزان و نرخى کەل و پەل، کاڵا و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا و دواى گفتوگۆکردن لە بارەى رەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان، چەند بڕیارێک درا.

وتیشی، بڕیار دراوە بە کەمکردنەوەی دەوامی فەرمی لە دام و دەزگا و فەرمانگەكانی حكومەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر و لەكاتژمێر ٩ـی بەیانی دەست پێدەكات، هەروەها لیژنەی قائیمقامیەتەکان، بازرگانى، شارەوانى، تەندرووستى، و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان، لە رۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی رەمەزان و رێگا بە هیچ کەسێک نادرێت کە مانگی پیرۆزی رەمەزان بقۆزێتەوە و نرخی پێداویستییەکان لەسەر هاوڵاتیان گران بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد،رێکارى یاسایی پێویست بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگیرێتەبەر کە یارى بەبازاڕ دەکەن و نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن. وتیشی، لە پێناو پاراستن و سەلامەتى گیانى هاوڵاتیان و رێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه‌ بەسەرچوو و بێ کوالێتی، هەڵمەتى لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانى ( خۆراک ، دەرمان ، مۆڵ، مارکێت ) و شوێنەکانى ترى هاوشێوەیان لە ناو شار و دەرەوەى شار زیاتر و توندوتۆڵتر دەكرێت.

باسی لەوەشکرد، لە بازگەکان چاودێری توند تر دەکرێت و رێگا نادرێت خۆراک و کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو هاوردەی سنووری هەولێر بکرێت، پێویستە کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر و ڤێتەرنەری بە هاوبەشى لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێ و شوێنی پێویست بگرنەبەر.

وتی، مزگەوتەكان تەنها لە ١٠ شەوی كۆتایی مانگی رەمەزانی پیرۆز دەرگایان كراوە دەبێت تا نوێژی بەیانی و جگە لە پێش نوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوتیش هیچ كەسی تر بۆی نییە مەراسیم و چالاكی ئایینی و تەراویح ئەنجام بدات. هاوکات، هێزەکانی ( ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ ) هەموو رێوشوێنێكی پێویست دەگرنەبەر لە شەوانى مانگى پیرۆزى رەمەزان لە پێناو پاراستنى هاوڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشدا، کردنەوەى بازاڕى شەوانى رەمەزان ئەمساڵ باشتر و چاكتر دەبێت لە ساڵانی رابردوو و تیمەکانی شارەوانیش زیاتر لە رێکخستنی بازاڕ و چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان بەردەوام دەبن.














گەلەری