PM:07:19:14/01/2026
1808 جار خوێندراوەتەوە
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشداریی لە دروستبوونی شەڕێکی گەورە دەدات و دەڵێت، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ناوچەکانی دێر حافر، مەسکەنە و بەنداوی تشرین رووبەڕووی پەرەسەندنێکی سەربازیی مەترسیدار و هێرشی سیستماتیک بوونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەم پەرەسەندنە بە بەشداریی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سوریا و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدەدرێت و ئامانجی تێکدانی سەقامگیری و پەکخستنی ژیانی مەدەنییەکانە.
بەپێی راگەیەندراوەکە،
گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سوریا زیاتر لە ١٢ هێرشیان بە درۆنی
بۆمبڕێژکراو و تۆپهاوێژ کردووەتە سەر بەنداوی تشرین و گوندەکانی دەوروبەری، تاوەکو
ئێستاش بۆردومانەکان بەردەوامن.
هاوکات،
نانەواخانەی مەدەنی و باڵەخانەی پۆستەی شاری دێر حافر کراونەتە ئامانج، کە ئەمەش
بووەتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان و دروستبوونی هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر
ئاسایشی خۆراکی دانیشتووان.
هەسەدە ئاماژەی
بەوەشکرد، هێرشبەرەکان رێگرییان لە جووتیارانی ناوچەکە کردووە بگەنە سەر
زەوییەکانیان.